لە ساڵیادی رۆژنامەگەریدا، گەشبین بین یا رەشبین؟

ليست هناك تعليقات


نوسەر
یەحیا عومەر ڕێشاوی

٢٢/٤ ) ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیە، وەک
دیارە ئەم یادەش دەبێتە یەکێک لە قوربانیەکانی پەتای (کۆرۆنا) و میدیاکارانی کوردستان و چاودێرانی بواری میدیا ناتوانن وەک پێویست یادەکە زیندوو رابگرن و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، ئەوەی لەم یادەدا پێویستە بیڵێین چەند خاڵێکە:
یەکەم: بەندە، جیاواز لە ھەندێک لە ھاوڕێیانی رۆژنامەنوس و بەشێک لە پسپۆڕانی بواری میدیا گەشبینم بە بارودۆخی میدیای کوردی، گەشبینی بەو مانایە نا کە خەوشەکان نابینم و پێموابێت وەزعەکە زۆر باشە و لە لوتکە نزیک بووینەتەوە، گەشبینیەکەم لە ڕوانگەی بەراوردکاریە بە چارەکە سەدەیەک پێشتر، بە جۆری موعالەجەی میدیاییانە کە لە ھەندێک سێکتەر گۆرانکاری نەوعی بەسەردا ھاتووە، لە ژمارەی کەناڵ و رۆژنامەنووسانە، لە ژمارەی پسپۆرانی ئەکادیمیی  بواری میدیایە، لە ژمارەی رۆژنامەنوسان و بەشەکانی میدیا لە زانکۆکانە، لە دەرکەوتنی ھەندێک رەمز و سیمبولی میدیاییە، لە تەقەدان لە دەرگای ھەندێک بابەتی میدیایی نێودەوڵەتیە، لە دەرکەوتنی ھەندێک رۆژنامەنوسی ژنە..... دیارە لە زۆر شوێن باسی قەیران و کێشەکانی میدیای کوردیمان کردوە و ئەگەر ئەم بەرواردە بگوازینەوە بۆ رەوشی میدیا لەگەڵ ھەندێک وڵاتی وەک تورکیا و ئێران و قەتەر، ئەوا لە سەر ئاستی جیھان ھێشتا لە نھۆمەکانی خوارەوەی ساختمانی کاری میدیایداین، بەڵام لەم یادەدا پێم باش بوو بەم گەشبینیە دەستپێبکەم.
دووەم: ئەم چەند ساڵەی دوایی ساڵانی خۆسەلماندنی (میدیای نوێ و ھاوڵاتی رۆژنامەنوس و تۆرە کۆمەڵایەتیەیەکان) بوو، زیاد لە نیوەی دانیشتوانی ئەم ھەسارەیە خزاونەتە نێو ئەم جیھانە و بە واقیعی حاڵ بوونەتە رۆژنامەنوس و کاری میدیایی دەکەن، ھەندێک لە پسپۆڕانی بواری میدیا و چاودێرانی بواری میدیایی بە گومانەوە لەم دیاردەیە دەروانن، تا رادەی دژایەتی کردن، پێموابێت ئەم شەڕە شەرێکی بێمانایە و ھەق وایە بە ڕۆحێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردە جیھانیەدا بکەین و مافی ئەوە بەم ھاوڵاتیانە بدەین کە (کارێکی میدیایی) دەکەن، واتە ئەمانە دەکرێت ناوی رۆژنامەنوسیان لێ نەنێین و دەشکرێت ئەندامی سەندیکا رۆژنامەییەکان نەبن و دەشکرێت رەخنەی توند و زانستیانە ئاراستەی شێوازی کارکردنیان بکەین، بەڵام تەنھا ئەوەندە بەوەندە قایل بین کە ئەمانە (کارێکی میدیایی دەکەن)، بەڵام رۆژنامەنوس و میدیاکار نین، جگە لەوە ئەمانیش وەک میدیاکاران پێویستە بەردەوام پرنسیب و ئەخلاقیاتی کاری میدیاییان وەبیر بھێنرێتەوە، و تەنھا ئەوە دەبێتە زامنی رێکخستنی ئەم بوارە میدیاییە ھەستیارە.
سێھەم: بە داخەوە تا ئێستەش جۆرێک لە دابڕان و جودایی لە نێوان رۆژنامەنوسان و پسپۆرانی بواری ئەکادیمیی بۆ تێڕوانین بۆ کاری میدیایی ھەیە، ھەندێک لە رۆژنامەنوسان بە حوکمی دەرکەوتنیان لە شاشە یان لە کایە میدیاییە جیاوازەکانی دیکەی کاری میدیایی نایانەوێت دان بە بواری ئەکادیمی و پسپۆرانی میدیایی بنێن، تا ڕادەی فەراموشکردنیان و بە کەم سەیر کردن ! لە بەرامبەردا ھەمان تێروانین لەلای بەشێک لە پسپۆڕانی میدیایی ھەیە و ھەندێک جار زۆر بە نێگەتیڤ و رەشبینی  باس لە رەوشی میدیایی و ھەندێک لە میدیاکارە دیارەکان دەکەن، لە راستیدا ئەم جیاوازی و ململانێیە ھیچ بنەمایەکی زانستیان نیە، و پێویستە ھەموان دان بەوەدا بنێن کە کایەی میدیایی زۆر لەوە فراوانترە لایەنێک بۆ خۆی قۆرخی بکات و ئەوانی دی لێ بێبەش بکات، میدیا ھەم کاری پراکتیکی و کاری سەر شاشە و رۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکانە، ھەم بواری مەعریفی و ئەکادیمیە، ھەم بوەتە بوارێکی بەرفراوانتر کە خۆی لە ھاوڵاتی رۆژنامەنوس و تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif