قوربانیدان یان بەکارھێنان لە تەونی حزبایەتیکردندا

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - بیروڕا
-
د.ئاڤێستا كمال
-
چەمکی "قوربانیدان" و "بەکارھێنان " ھێڵێکی زۆر تەنک لە نێوانیانداھەیە ، بە کەمترین جوڵە لە فەزیڵەتی قوربانیدانەوە کەسێک زۆر سانایانە دەپەڕێتەوە بۆ سنووری بەکارھێنان ، کە یەکێکە لە ڕەزیلەتەکان و کەسی بەکارھێنراو و بەکارھێنەر لە ڕەزیلەتدا کاردەکەن .
قوربانیدان بابەتی مرۆڤبوونە ، کاتێک مرۆڤ لە خۆی و پەیامێک یان بیرۆکەیەک دەگات و دەچێتە حاڵەتێکی یەکانگیربوون ئەوا ئەو بیرۆکەیە تەواو سەراپای ھزری دەگرێت و سەرەنجام ڕووبەڕووی ھەموو ترسێک دەبێتەوە لە پێناو پاراستنی ئەو بیرۆکەیە یان ئەو پڕۆژەیەی باوەڕی پێیەتی چاوی لەوەش نییە دواجار سوودمەند دەبێت یاخود لەچیدا زیان دەکات ،چونکە قوربانیدان دەرگیرە لەگەڵ ھەڵبژاردنی ڕێگاکان ، کە ئەمیش لە باڵاترین خەسڵەتێکە کە مرۆڤەکان لەژیانی خۆیاندا ھەوڵی بۆدەدەن و دەیانەوێت لە ڕێگەیەوە تاکگەرایی خۆیان دەربخەن.
لەبەرانبەر ئەمەدا بەکارھێنان ڕەچەڵەکێکی دوور و درێژی ھەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا -لێرەدا نامانەوێت بچینە ناو پێچ و پەناکانییەوە- ، کەسی بەکارھێنراو بەدوو پڕۆسە دەچێتە ناو ئەم میکانیزمەوە یان نازانێت ، کە بەکاردەھێنرێت یاخود دەزانێت و توانای ڕووبەرووبوونەوەی واقعی نییە وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت دەست بەکڵاوەکەیەوە دەگرێت با نەیبات ، ئەگەرچی ئەم دەستگرتنە بە کڵاوەوە ھیچ واتایەکی نییە کاتێک ئەوەی لەژێر کڵاوەکەدایە سەرنییە ، چونکە سەر دەبێت مەشقی ئەقڵی ، ئیرادەی بەرەنگاری و خۆناسین و ئەو ناسینی تێدابێت.
ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە  لە کایەی سیاسەتدا "مەبەست لە سیاسەتە بە واتا مۆدێرنەکەی "ئەو ڕووبەرەی لە نێوان ئەم دووچەمکەدا ھەیە زۆر تەنکترە لەوەی لە ژیانی ئاسایدا ھەیە ، چونکە زۆرجار ئەوەی کەسێکی بە پرنسیپ وەک قوربانیدان پێشکەشیدەکات ، کەسانی غایب لە فەزیلەت دەیقۆزنەوە و کاڵا بەباڵای بەکارھێنانی دەکەن و ڕەزیلەتی بەکارھێنان و استغلالکردن دەکەنە دروشمی جۆراوجۆری قوربانیدانەوە وەک خۆبەخشی و ئیمان و جەنگاوەری بێناوی پڕۆژەی گەورە لەکاتێکدا ھەموو ئەم ناوانە پاوەنخوزدەکرێت بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی یان ڕوونتر کەسی ئالێرەشەوە کڕین و فرۆشتن بە بەھای مرۆڤەکانەوە دەستپێدەکات.
ھەرلەبەرئەمەشە ئەو کەسەی قوربانی دەدات دەبێت زۆر ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ ھەموو کەس و ستراتیژێکدابکات و پلانی ھەبێت پێش ئەوەی بکەوێتە تەونی حیزب و کەسانی بەرژەوەندیخواز ، میللەتی کورد لەھەموو میللەتانی دیکە زیاتر پێویستی بەم ھوشیاربوونەوەیە ھەیە ، چونکە بە درێژای حیزبە مۆدێرنەکان ئەم یارییەی لەگەڵدا کراوە و بەردەوام بوەتە بەکارھێنراو نەک تەنھا بەکارھێنراوی دەستی یەک بەڵکو بەکارھێنراوی دەستی دوو و سێش.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif