سفر هیچ بەدەست

ليست هناك تعليقات
فارس نەورۆڵی

داود ئۆغڵو لە کتێبی قوڵایی ستراتیجیدا تێزی سفر کێشەی تەرحکرد، واتە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کێشەکان سفر بکرێنەوە بۆ بنیادنانی تورکیایەکی نوێ، بەڵام کاری پێنەکرا، خۆ ئەگەر ئەو بیرۆکەیە جێبەجێ بکرایە، ئەوا دۆخی تورکیا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە نەدەگەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا.

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو ھەمیشە پڕکێشەبووە، بەتایبەتی کێشەکانی ناوخۆ خراپتری لێکەوتووەتەوە، کاریگەرییەکانی چووەتە دۆخی دوژمنایەتی یەکتر و لە دەرەوەی ئەقڵ و لۆژیکەوە مامەڵەی یەکتر دەکەین، بۆیە ئەو ھەموو ھەڵە سیاسییە دووبارە دەبنەوە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی کوردبوون چییە؟ بیرکردنەوە لە مێژوی کورد چۆن بووە بۆ ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی، لەو ڕێگەوە بگەینەوە سەربنچینە و ڕەسەنایەتی مێژوو، پێمان دەڵێت لە سەردەمی مادەکانەوە کورد جیاواز لە نەتەوەکانی ناوچەکە میللەتێک بووە میترای بە واتای گرێبەست و پەیمان، لەم ڕوانگەیەوە لە بچوکترین پەیوەندییە مرۆییەکان تاکو بەرزترین پەیوەندییە سیاسییەکان لەئاستی فەرمانڕەوایی، بەپێی ڕێککەوتن و گرێبەست و پەیمان داڕێژراوە.

لێرەدا، ھەموو سیستەمە سیاسییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت بەپێی ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی دولایەنە پێکبھێندرێت، ویست و ڕەزامەندی دولایەنەی نێولایەنەکان پێوەری دروستی و ھەڵەبونی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانە. ئەم جۆرە کە سیستم و بیرکردنەوەی ڕەسەنایەتی مێژوی فەرمانڕەوایی مادەکانە، پێمان دەڵێت دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕەسەنایەتییە، واتە نابێت یەکتر گۆشەگیر بکەین، چونکە ڕێگری و گۆشەگیرکردنی یەکتر و ڕەفزکردنی ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەھۆی ھەڵوەشانەوەی دنیای ھاوبەش. ئیتر ڕوبەرێک نامێنێت بۆ جیاوازیی، ئەم ھۆکارانە بووە کە لە مێژوی کورددا ئەو ھەموو خزانە ڕوویداوە لە ھەردوو ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تائاستی خیانەت ڕۆچووە کەواتە ھەنگاوی یەکەم بۆدەربازبوون لەم گرفتە و کردنەوەی ئەو گرێیە، ئەوەیە لەگەڵ ھەڵەکانی خۆمان ڕوبەڕوببینەوە.

لەو چەند ڕۆژەدا وەک ھەمیشە گرژی کەوتە نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر چونی ھێزێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زینی وەرتێ، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵێکی نەرێنییان گێڕا بۆ گەرمکردنی دۆخەکە، تا گەیشتە ئەو ئاستەی جیھان بە شەڕی کۆرۆنا و چارەی ئابوری سەرقاڵ بوو، میدیای کوردی و سیاسەت بە زینی وەرتێوە خۆی سەرقاڵ کردبوو، خەریکی قەوانە کۆنەکەی دوو ئیدارەیی بوون.

لەمکاتەدا زۆر خەڵک چاوەڕوانی پەیامی سەرۆکی ھەرێم بوون بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکە. سەرەنجام سەرۆک کە لە شاشەکانەوە بە پەیامێکی نیشتمانی دەرکەوت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، بەمانای تێگەشتنێکی باڵای بۆ دۆخەکە خستەڕوو. لەدوای قسەکانی سەرۆک لەسەر ئاستی سیاسی و لەسەر ئاستی شەقام خاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە دی.

سەرۆک لە قسەکانیدا جەختی لەسەر متمانە کردەوە، ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت بە ھەموومانەوە بەشداربین لەبەڕێوەبردنی کوردستاندا، وتیشی ئێمە خاڵی ھاوبەشمان زیاترە لەجیاوازییەکان، ئەم وتانەی سەرۆک بۆچونەکەی ھێربێرت مارکۆزە دەخاتە بەرچاو کە دەڵێت، "ھەموو کۆمەڵگایەکی ڕێک و پێک پێویستی بەھێزێک ھەیە کە لەلایەن ھەموویانەوە پەسەندکراوە"، بۆیە سەرۆک وتی: پێویستە کێشە و گرفتەکان لەنێو دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین و دەبێت سیاسەتەکانمان گفتوگۆی بەردەوام و ڕۆژانەمان بێت و پەردەکە لەسەر گرفتەکان لادەین، سیاسەت تەنھا لە جەنگی دەسەڵاتدا کورت نەکەینەوە. وتیشی کاری گەورەمان لەپێشە دەبێ بە لۆژیک مامەڵەی یەک بکەین نەک لەژێر کاریگەری فەیسبوک، لەڕاستیشدا کارەساتە سیاسییەکان فەیسبوک بیریان بۆ بکاتەوە.

بۆیە ئەم وتانەی سەرۆکی ھەرێم ئەگەر ھەموولایەک ھاوکاری بکەن بۆ بە کردارکردن، ئەوا دەتوانین خەباتێکی نوێ بخەینە سەرپێ بۆ قووڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و سڕینەوەی ئەو کەلتوری یەکترشکاندنە و نەھێشتنی ئاسەوارەکانی، ئەمەش بەوشێوە دەبێت ھەموولایەک خۆی بە خاوەنی پرۆسەی سیاسی بزانێت، و بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی ھەرێم وتی: فەرمون با ھەموومان ئەم نیشتیمانە جوانتر بکەین، ھیوادارم سەرۆک بتوانێت ئەم ئامانجە سەربخات و وەک نەریتی ئەمریکی نەریتێکی نێچیرەوانی بکاتە کەلتور. دەڵێن سەرۆکێکی ئەمریکا وەختێک مەسەلەیەکی لێدەبوو بە گرفت پاڵیدەدایەوە و سەیری وێنە گەورەکەی لینکۆڵنی دەکرد کە بە دیواری کۆشکی سپی ھەڵواسرابوو، لەخۆی دەپرسی ئەگەر لینکۆڵن لە جێگەی من بووایە چیدەکرد؟ چۆن ئەم گرفتەی چارەسەر دەکرد؟ ئەمە بووەتە نمونەی باڵا لە ئەمریکادا.

بەپێی ھەنگاوەکان و ھونەری دواندنی ئەوانی دیکە لەلایەن سەرۆک نێچیرەوان، ئومێد دەکەم ببێتە ئەم نمونە باڵایە و ڕەچەشکێنی ناتەبایی و دروستکردنی گیانی گرێبەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکەیدا لە وەڵامی ئەوانەی باسی دوو ئیدارەیی دەکەن، سەرۆک وتی دوو ئیدارەیی یانی 'سفر ئیدارە' ئەمە تێزێکی نوێیە کە دوو ئیدارەیی یانی 'سفر ھیچ بە دەست' ئەم وتەیە دەکرێت خوێندنەوەی جیاجیای بۆبکەین لە ھەموو ئاستەکاندا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif