adv/https://www.facebook.com/MayorcaCity|https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEgJT9fbiornOXHkXrGZUVrpdv-Lczq8UDHymSAG1FLaN3n3jZFWnu0it9lpwJHYd0VcIDtwocuKlnssNY-cCZ3HvTh1DeTd7PtbwtHmL9ZiETil6lUcWgNm_7AgC-oX565gM8BVnz-CZQPd-vR0u6WRRSDS2jgBBTJ1nV-3rFE-2XOJeKsNB82lQDVj/w631-h89/327891321_889983905377070_4693388700391347137_n.gif

بیروڕا

5/cate1/بیروڕا

ئابووری

6/cate2/ئابووری

ڕاپۆرت

6/cate3/ڕاپۆرت

چاوپێکەوتن

5/cate4/چاوپێکەوتن

گەلەری

3/cate6/گەلەری

هەمەڕەنگ

5/cate5/هەمەڕەنگ
adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif

وەرزش

5/cate1/وەرزش

ڤیدیۆ

3/cate6/ڤیدیۆ

نوێترین بڵاوکراوەکان

سێ قسە و سێ بابەتی گەرم و گرنگ

هاوکار عزەت
-
یەکەم : هەرکەس و هەر لایەنێك ( یەکێتی بێت یان پارتی) پەرلەمان کارا بکاتەوە، ئەرکی پەرلەمانتارانی حزبەکانی ترە بچنە هۆڵی پەرلەمان و بە واجبی شەرعی و یاسایی خۆیان هەستن، نابێت لە ترسی ئەوەی بکەونە بەر خەشمی حزبەکەی تر واز لەو ئەرکەی خۆیان بهێنن، پەرلەمانتار هیچ ئەرکێکی تری لەسەر نییە لە کۆمەڵگەدا جگە لە ئەرکە پەرلەمانییەکەی، وا ١٨ مانگە ئەو ئەرکە جێبەجێ نەکراوە، هەرکەس باسی پرۆسەی دیموکراسی بکات و ئامادە نەبێت بچێتە دانیشتنی پەرلەمانەوە بە بیانوی راگرتنی باڵاسی سیاسی، دەبێت گومانی لە بیر و فکری خۆی هەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی، ناکرێت بەبیانوی ڕێگری لە قەیران و تێچکچونی دۆخەکە ، هەندێک حزب و پەرلەمانتار نەچنە دانیشتنی پەرلەمان، دۆخی هەرێم هیچکات لە ئێستا خراپتر نابێت و قەیران لەمە گەورەتر نابێت، ئیتر واز لە دەستەواژەی سواو بهێنن.

دووەم: ونونی چەکەکانی مستەر ترەمپ، دۆناڵد ترەمپ بە هۆکار و بێ هۆکار هەرکات بیەوێت کورد تۆمەتبار دەکات بەوەی چەکی ناردوە و کورد گلیداوەتەوە و دیار نەماوە، بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو سەد دۆلاریانەی لایە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و تەواوی جیهانن، دەزانێت کام سەد دۆلارییە و کام ژمارەیە لە گیرفانی کامماندایە و لە چ وڵاتێکدایە و کەی ویستی بلۆکی دەکات و مامەڵەکردنی پێوە ڕادەگرێت، ساڵانە سزای ژمارەیەکی زۆری بانک و کۆمپانیا و حزب دەدات بە هۆکاری ئەوەی دۆلاریان بە نایاسایی ناردوە بۆ ئەو وڵاتانەی لەژێر سزای ئەمریکادان، دەزانێت کام دۆلارە بڕیارە لە عێراق بێت و ئێستا لە ئێران مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەی خێرە نەزانێت ئەم چەکانە لای کێن و چۆن دیار نەماون؟ پێم وایە ترەمپ دەیەوێت شتێکی تر بە دەست بهێنێت و کوردیش خۆی لێکردوە بە کەڕەی شەربەت، تەبعەن کە دەڵێین کورد مەبەستمان کاربەدەستیانی کوردە، پێویستە هەڵوێستی جدییان هەبێت چونکە ئێستا لە دیدی چیهان بە گشتی و ئەمریکیەکان بە تایبەتی، ئێمەی کورد گەلێکی ( دز) ین.

سێیەم : لەبارەی چوار ڕاوێژکارەکەی ئەنجومەنی شوراوە، ئەو چوار راوێژکارە بە نایاسایی و گەندەڵییەکی بێ چەند و چوون دامەزراون، ماوەی ١٢ ساڵە دەیان هەزار دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان و یەکەمەکان لە چاوەڕوانی دامەزراندندان، کەچی پارتی بە یەک قەڵەم چوار کەس بە پلە و ئیمتیازی باڵا دادەمەزرێنێت، ئێ ئەمە کارێکی نایاسایی ڕوونە، یەکێتیش کە جێگری وەزیری داد و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شوراشی لایە، ناکرێت بێ ئاگابێت لەم دامەزراندنە، خۆ ئەگەر بێ ئاگادابێت لەوە خراپترە کە ئاگادار بوبێت. راوێژکارەکانیش هیچ دەسەڵات و مافێکیان لە دەنگدان لەسەر هیچ بابەتێکی یاسایی و کارگێریی نییە و تەنها راوێژکارن نەک ئەندامی ئەنجومەن.

شاشەی کوردی لە لێواری داڕماندا


ئاریان فەرەج
-
ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی مێدیای کوردیدا و بەتایبەت لەسەر شاشەکان دەبينرێت، جیا لەوەی گەڕانەوەیەکی نائومێدکەرە بۆ شەڕی بێهوودەی ڕاگەیاندن و زمانە زبر و بەدگۆییەکەی جاران؛ پاشەکشەیەکی بێباکانەشە لە کۆی پرەنسیپە پیشەییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و بەفیڕۆدانی تەواوی ئەو هەوڵانەیە کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا، لە دوای شەڕی ناوخۆوە، بۆ هێنانەئارای مێدیایەکی پیشەیی سەنگین، چەسپاندنی وه‌ك دەسەڵاتی چوارەم و ئامرازى هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی دراون.

ئەم پاشەکشەیە، دوورخستنەوەی مێدیایە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتییە کۆمەڵایەتییەکانی و دووبارە بەکارهێنانەوەیەتی وەک ئامرازی شەڕانگێزی، شکاندن، فیتنەگێڕی، بڵاوکردنەوەی ڕق و هاندانی ناکۆکی و شڵەژاندنی کۆمەڵگە؛ هاوکات گۆڕینی مێدیایە بۆ کەرەستەی سەرگەرمیی چرووک و بابەتگەلی ناقابیل.

ئه‌و شاشانه‌ تەنیا بەوەوە نەوەستاون کە جۆرەها بەرنامەیان بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینەى سياسى، قوڵتركردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان، تۆمەتبەخشینەوە و یەکدی‌بەشەیتانکردنى ڕكابه‌ره‌ سياسييه‌كان تەرخان کردووە، بەڵکو لەپێناو سەرنجڕاکێشان و کێبڕکێی يه‌كدى و بۆ ئەوەی خیتابە ڕقاوییەکەیان بینەری زۆرتر بێت، جۆرەها بابەتی بێبایەخ و ناشایستە یان هەستیار و مەترسیدار بڵاو دەکەنەوە و ڕەواجی پێ دەدەن؛ بێ ئەوەی سڵ بکەنەوە لەوەی به‌و كاره‌ دواجار چ وێرانکارییەک لەسەر دەروونی وەرگرەکانیان و کۆمەڵگە بە گشتی بەجێ دەهێڵن. جێگەی داخیشە ئەم تراژیدیایە لەبەرچاوماندا ڕوو دەدات و بێدەنگیی خەمخۆران و ئەهلی کار، دۆخەکەی قووڵتر کردووەتەوە.

هەواڵ؛ لە زانیارییەوە بۆ نمایش

هەواڵ، وەک جیدیترین کەرەستەی مێدیایی، لە زۆربەی شاشەکاندا ماهییەتی خۆی لەدەست داوە و بووەتە کەرەستەیەک بۆ "سەرگەرمی". مۆدێلی "هەواڵ-نمایش" وای کردووە بێژەر لەجیاتی گواستنەوەی ئه‌مين و بێلایەنانەی ڕووداوەکان، لە هەواڵبێژەوە ببێتە شرۆڤەکار، گوتارخوێن، واعیز، دادوەر، بڕیاردەر، پاڵەوان، مژدەبەخش، تۆقێنەر و فریادڕەس. لە نمایشێکی حەماسی و بە جووڵەی پڕ موبالەغەوە، بێژەر هەر خۆی هەواڵەکە دەگێڕێتەوە، هەر خۆی سەرچاوەیەتی و هەر خۆشی شرۆڤەی دەکات. ئەم تێکەڵکردنی "هەواڵ" و "ڕا"یە، نەک هەر سەرەتاییترین بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی دەبەزێنێت، بەڵکو متمانەی بینەر بە زانیارییەکان بە تەواوی لەناو دەبات.

بێباکی بەرامبەر زمان و ناسنامە

زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکو پارێزەری کولتووری نەتەوەیە. مێدیا بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە بۆ پاراستنی شکۆی زمان، کەچی ئێستا بەشێک لە شاشەکان زمانێکی هێندە ناپاراو و ئاستنزم بەکار دەهێنن کە هەرگیز بۆ دواندنی بەرامبەر ناگونجێت. ئەم خەمساردی و سووك سه‌رنجدانه‌ى زمان، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر شوناسی فەرهەنگیمان؛ چونکە دواجار زمان تاكه‌ پەناگەی گەلێکى بێ قه‌واره‌ى وه‌ك كورده‌.

ئیتیکی مێدیایی و ئازارەکانی مرۆڤ

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکان، مامەڵەکردنی بێ‌دەربەستانەی ئه‌م شاشانه‌يه‌ لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکدا. پەنابردن بۆ نیشاندانی دیمەنی ناخهەژێن و بەکارهێنانی کارەساتی مرۆیی لەپێناو سه‌رنجڕاكێشان و کۆکردنەوەی بینەر، لادانێکی گەورەیە لە ئیتیکی پیشەیی. مێدیا دەبێت خەمخۆری مرۆڤ بێت، نەک ئازارەکانی مرۆڤ بکاتە نمایشێکی سەرنجڕاکێش بۆ بازاڕگەرمی. ئەم پرنسیپە لەو شاشانه‌دا خەریکە بە تەواوی فەرامۆش دەکرێت.

نەعرەتەی شارچێتی و ناوچەگەری

هاندانی ئاشکرای نەعرەتەی شارچێتی و ناوچەگەری بێ هيچ سڵه‌مينه‌وه‌يه‌ك‌ به‌ شاشه‌كانه‌وه‌ دياره‌؛ ئەو دەنگە نەشازەی کە خەریکە گیانی پێکەوەژیان بە یەکجاری لەت‌وپەت دەکات. ئەم یاریکردنە مەترسیدارە بە ئاگر و ئەم کەرتوپەتکردنەی بنەما نیشتمانییەکان، تەنیا تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەستەرە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەشە کە نەتەوەیەک بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک مێدیا دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی دیواری ڕق لەنێوان شار، ناوچە، لەهجە و عەشیرەتەکاندا، دەبێت بزانێت کارێک دەکات کە دوژمن پێی نەکراوە؛ پێی بزانێت یان نا، خەریکی نیشتمانکوژی و وێرانکردنی دوایین پەناگەکانی عەقڵ، یەکڕیزی و ئینتیمای نەتەوەییە.

چەلەحانێ و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی

لەسەر شاشەکان، چەلەحانێ و بەگژداچوونەوە جێگەی دیالۆگی عەقڵانییان گرتووەتەوە. ئه‌و شاشانه‌ بۆ کەسانی زانا و پسپۆڕی بوارەکان ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای "ئەهلی شەڕەدەنووک"دا دەگەڕێن تا هاوشێوەی "شەڕەکەڵەشێر" بینەر کۆ بکەنەوە. بۆ کەسانێک دەگەڕێن کە لەبری زانیاری بەخشین بۆ بڕیاردانی هۆشیارانە، غەریزەکانی ڕق و کینە دەوروژێنن و شارەزای چەواشەکارین. بەو کارە، لەبری بڵاوکردنەوە و هاندانی کولتووری سەردەمیانەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، کولتووری بەسەرچووی هەرا و پێکداهەڵشاخان، سه‌رڕەقی و یەکدی‌نەفیکردن هان دەدەن.

به‌ئەستێرەبوون لەم شاشانه‌دا

جاران مەعریفە، ئەزموون و لێوەشاوەیی مەرجی دەرکەوتن و پێشكه‌وتن بوون، بەڵام لە سایەی ئەم داڕمانەدا، "ڕووکەشگەرایی و هەرانانەوە" بوونەتە مەرجی ئەستێرەبوون. لاوازیی پاشخانی ڕۆشنبیری بە زۆرێک لە کارەکتەرە نوێیەکانی سەر شاشەوە دیارە؛ ئەمەش دەرئەنجامی ئەو فشارەیە کە ده‌زگا مێدیاکان دەیخەنە سەر کارمەندەکانیان بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت سەرنجی بینەر ڕابکێشن، نەک ئەوەی ناوەڕۆکێکی بەپێز و به‌سوود پێشکەش بکەن.

لە ڕاستیدا ئەو پاشەکشە ترسناکەی ئەمڕۆ دەیبینین، خەمێکی ڕاستەقینەیە و پێویستی بە هەڵوێستەیەکی جیدی هەیە. مێدياى كوردى هه‌نگاو و قۆناغى زۆر گرنگى بڕيبوو، بۆ ده‌بێ ئه‌م پاشه‌كشه‌ ترسناكه‌‌ بكات!

مێدیا ئەرکێکی باڵای لە ئەستۆیە و نابێت ڕێگە بدرێت لە بەها پیشەیی و ئەخلاقییەکان بەتاڵ بکرێتەوە. پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە عەقڵی گشتی، دەبێت لە سەرووی کێبڕکێ سیاسییەکان و شەڕی شاشەکانەوە بێت.

* ماستەر لە کۆمەڵناسیی مێدیا



شارل دی گۆل و وتە بەناوبانگەکانی


د. نازەنین عوسمان
-
جەنەراڵ شارل دی گۆل، ناودارترین کەسایەتی فەرەنسایە لە سەدەی بیستەمدا. لە فەرەنسا تەنیا بڵێیت جەنەراڵ، ئەوا هەموو کەس دەزانێت باسی کام جەنەراڵە. لە ساڵی 1890 لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر و مامناوەندی لەدایک بووە. لای باوکی، مێژوو زۆر گرنگ بووە و هەوڵی داوە منداڵەکانی گرنگیی پێ بدەن.

شارل دی گۆل؛ نووسەر، سەرباز، سیاسەتووان و پیاوی دەوڵەت بوو. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا چەند جارێک بریندار دەبێت و بە دیل دەگیرێت. چەند جارێک هەوڵی هەڵاتن دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، تا لە کۆتایی جەنگدا ئازاد دەکرێت.

لە قسەکردندا زۆر بەتوانا بوو، تەلەڤزیۆن و رادیۆ چەکی سەرەکیی ئەو بوون بۆ گەیاندنی داوا و بیرۆکەکانی، هەنگاوەکانی و پرۆژەکانی... زمانی زۆر پاراو بووە و هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی نەکردووە، بۆیە دەڵێت: " کارەکان هەست دەجووڵێنن، بەڵام وشەکان گڕ دەکەنەوە"، و نازناوی دیگۆلی مایکبەدەستی لێ نراوە.

دی گۆل، باڵای زۆر بەرز بوو، درێژترین سەرۆکی وڵات بووە تاکوو ئێستا؛ 1.96 مەتر بووە، ئەوەش کارزمایەکی تایبەتی پێ داوە.

لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا دەبێت کاتێک هیتلەر پاریس داگیر دەکات. ئەو کاتە، مارشاڵ فیلیپ پێتان سەرۆکی حکومەتی فەرەنسا دەبێت و شارل دی گۆل جێگری وەزیری بەرگری دەبێت. خاوەنی دەسەڵاتێکی زۆر کەم دەبێت لە نێو حکومەتەکەیدا، بەڵام رێگەی بۆ خۆش کرد ئاگاداری کاروباری سوپای فەرەنسا بێت. مارشاڵ پێتان دان بە داگیرکردندا دەنێت و حکومەتەکەی لە پاریسەوە دەگوازێتەوە شاری ڤیشی. شارل دی گۆل لەگەڵ چەند کەسێکی کەم لە هەڤاڵانی، دژ بە داگیرکردن دەبن و لەگەڵ چەند کەسێک بە فڕۆکەی ئینگلیز بە دزییەوە دەچنە بەریتانیا.

وینستن چەرچڵ پشتی دەگرێت و هاوکاریی زۆری دەکات. بۆ چەرچڵ گرنگ بووە دەنگی ناڕازی لە فەرەنسادا هەبێت و پشتیوانیان بن بۆ لێدانی نازییەکان. پەیوەندییەکانی دی گۆل لەگەڵ هاوپەیمانان، بەرز و نزمیی بەخۆوە بینیوە. چەرچڵ جارێک پێی دەڵێت: "دەزانیت تۆ لە نێو هاوپەیمانان زۆرترین کێشەت بۆ دروست کردووین"، دی گۆل لە وەڵامدا دەڵێت: "گومانم لەوە نییە، چونکە فەرەنسا گەورەیە".

شارل دی گۆل، بڕوای بە بەرگری هەبوو، چونکە دەیزانی فەرەنسا زۆر وڵاتی لەژێر دەستدایە، بەتایبەتی لە ئەفریقا، خاوەنی کەشتیگەل و فڕۆکە و هێزی سەربازین و توانای بەرگرییان هەیە.

لە 18ی حوزەیرانی 1940 شارل دی گۆل بانگەوازە بەناوبانگەکەی لە رادیۆی (بی بی سی) لە لەندەن بڵاو کردەوە؛ ئەو بانگەوازە، داستانێکی ئەفسووناوییە بۆ ئەو کاتە و بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژوو و دواڕۆژی فەرەنسادا.

لە دەرەی وڵات، لە لەندەن، دی گۆل رێکخراوی کۆمیتەی "فەرەنسای ئازاد"ی دامەزراند و لەناوەوەش هێزی ئازادیی فەرەنسا بۆ بەرگری دامەزرا و هەردووکیان پشتیوانی یەکتر بوون.

هێزی فەرەنسای ئازاد، تاکە هێز بوو نوێنەرایەتی فەرەنسای دەکرد لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی. هەر ئەم هێزەش بوو گەشەی کرد و بوو بە هێزی بەرگریی نیشتمانی و دوای ئەوە بوو بە حکومەتی کاتی. (سەرۆک ماکرۆن لە رۆژی 18ی ئازاری 2026، بڵاوی کردەوە و مزگێنیی بە هێزی بەرگری دا کە کەشتییەکی جەنگی دروست دەکەن بەناوی "فەرەنسای ئازاد". ئەو کەشتییە، هەڵگری فڕۆکەی جەنگییە، جیلی تازەیە و بە ئەتۆم کار دەکات و لە 2031 تەواو دەبێت).

مارشاڵ پێتان، قارەمانی شەڕی ڤێردان بوو لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمدا هاوکاری نازییەکان و هۆکاری بەدەستەوەدانی پاریس بوو. دەسەڵاتی فەرەنسی لە شاری ڤیشی دامەزراند و خۆی وەک سەرۆک دانا. دوای ئەوەی شارل دی گۆل دەچێتە ئینگلتەرا و حکومەتی کاتی دادەمەزرێنێت، پێتان لە 2ی ئابی 1940 ناسنامەی فەرەنسی لە دی گۆل دەسەنێتەوە و حوکمی لەسێدارەدانی غیابیی لە دژ دەدات، بەڵام وەڵامی دی گۆل ئەوەیە: "ئێستا پێویستە فەرەنسا بکڕینەوە، لە رێگەی چەک، ئێستا ئەرکێکی گەورە لەسەر شانمە و تەنیا بە ناوی فەرەنساوە قسە دەکەم". هەروەها "هەرچەندە ئاستەنگەکان گەورە بوون، بەڵام بەرگری بکەیت باشترە لەوەی خۆت بەدەستەوە بدەیت".

هێزی ئازادیی فەرەنسا بۆ بەرگری، لە سەرەتادا چەند هەزارێک بوون، بەڵام لە 1943دا ژمارەیان زیارتر بوو لە پەنجا هەزار سەرباز و ئەفسەر و فڕۆکەوان. دی گۆل هێزەکانی زیاتر لەو وڵاتانەی لەژێر دەستی فەرەنسادا بوون لە ئەفریقا، بەتایبەتیی چاد، کامیروون، کۆنگۆ، گابۆن و ئەفریقای ناوەڕاست، دروست کرد. هەر فەرەنسای ئازادیش بوو بە هەوێنی دامەزراندنی حکومەتی کاتیی کۆماری فەرەنسی لە ساڵی 1944 و دی گۆل لیژنە و خزمەتگوزاریی بەڕێوەبردنی دامەزراند و لەگەڵ هاوپەیمانان هەوڵی دا هێزەکانیان پێکەوە بەشداریی جەنگەکان بکەن، بەتایبەتی لەگەل جەنەراڵی ئەمەریکی، دوایت ئایزنهاوەر، کە سەرکردەی هێزەکانی هاوپەیمانی بوو لە ئەوروپا.

هەرچەندە ئەمە لە سەرەتادا ئاسان نەبوو بۆی و هاوپەیمانان دانیان پێدا نەدەنا و زۆر جار رایان وەرنەدەگرت، هەتا بۆ ئەو پلانانەی بۆ شەڕیش دەربارەی فەرەنسا و ئەو وڵاتانەی لەژێر دەستی فەرەنسادا بوون دادەنران، بەڵام کۆڵی نەدەدا و خۆی دەسەپاند بەسەریاندا تا گوێی لێ بگرن و بەشداریی پێ بکەن. دی گۆل دەڵێت: "بێمانایە، وڵاتێکی گەورە بڕیاری دواڕۆژی بخاتە دەستی وڵاتێکی تر، هەتا ئەگەر دۆستیشت بوو". هەروەها دەڵێت: "وڵاتەکەمان وەک ئەوەی هەیە، لە نێو وڵاتان وەک ئەوەی هەن، دەبێت سەربەرز و راست بوەستێت، هەتا ئەگەر لەژێر مەترسیی کوشتن و بڕینیشدا بێت". "لە سیاسەتدا وا باشترە قەناعەت بە بەهێزەکان بکەیت وەک ئەوەی دژیان بوەستیت". "هەردەم ئاگر دەستپێشخەری بەسەر ئاگرکوژێنەوەدا هەبووە، دەبێت شتەکان وەکوو خۆی قبوڵ بکەین، سیاسەت لەسەر راستییەکان بەڕێوە دەچێت"...

بڕوای تەواوی هەبوو بە فەرەنسا و فەرەنسییەکان، بۆیە دەڵێت: "فەرەنسا باری گرانە بە مێژووی، بە شەڕە خوێناوییەکانی، بە شۆڕشەکانی کە بە بەردەوام دێن و دەڕۆن، بەڵام چاک دەبێتەوە و تەندروست دەبێت لە رێگەی تازەبوونەوەوە".

یەکێک لە پێداگرییە گرنگەکانی ئەوە بوو؛ دەبێت یەکەم هێزی دابەزین بۆ رزگارکردنی نۆرمەندی، هێزی فەرەنسی بێت، هەروەها بۆ رزگارکردنی پاریسیش، هەر پێداگریی کرد کە دەبێت هێزی فەرەنسی یەکەم هێز بن بۆ چوونەناوەوەی. دوای ئازادیی پاریس و لە یەکەم وتاریدا، دی گۆل لە 25ی ئابی 1944 لە پاریس گوتی: "پاریس تووڕەیە، پاریس شکێنراوە، پاریس شەهید کراوە، بەڵام پاریس ئازادە و ئازاد کراوە لەلایەن فەرەنسییەکانەوە". ئەم وتەیە، بە لای هاوپەیمانانەوە ناخۆش بوو، چونکە بە سەدان شەهیدیان لە شەڕەکانی فەرەنسادا هەبوو، بەتایبەتی لە نۆرمەندی. دی گۆل دەیزانی ئەو قسەیەی راست نییە، بەڵام بۆ بەهێزکردنی خۆی و بەرگریکردن سوودی هەبوو.

حکومەتی کاتیی فەرەنسا، لەدوای رزگاربوونی پاریس، لە 1944 بۆ 1946 دامەزرا. دی گۆل هەندێک چاکسازیی هێنایە کایە؛ دەنگدانی ژن لە هەڵبژاردندا بوو بە یاسا لە ساڵی 1945، خۆماڵیکردنی بانکەکان و وزە و هاتوچۆ، دانانی یاسا بۆ سەندیکاکان، بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دانا... سیاسەتێکی تێکەڵە لە سیستمی سەرمایەداری و سۆشیالیستیی بەڕێوە دەبرد، هەر بۆیە چەپەکان دەیانخستە بەرەی راستڕەوەکان و راستڕەوەکانیش دەیانخستە بەرەی چەپەکانەوە. خۆی دەیگوت: "من نوێنەرایەتی فەرەنسا دەکەم بە هەموو بۆچوونەکانیانەوە". لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت: "من پیاوێکم سەر بە کەس نیم، سەر بە هەمووتانم".

زۆر بڕوای بە پارتە چەپەکان، بەتایبەتی بە سۆشیالیزم نەبوو و دەیگوت: "سۆشیالیستەکان بەدەگمەن پرۆژەی گەورەیان پێیە، سیاسەتی پۆپۆلیستی بەکار دەهێنن، ئاستی کۆمەڵگە دادەبەزێنن بەناوی یەکسانییەوە، هەر بەو شێوەیە چۆن ئێمەیان خستە نێو هاوپەیمانیی نازییەکانەوە لە ساڵی 1940دا". "سۆشیالیستەکان لە خەیاڵدا دەژین و دوورن لە واقیع و خاوەنی بیرۆکەی روون نین". "سۆشیالیستەکانم خۆش ناوێت، چونکە کاریگەر نین، لاوازن و ترسناکن... خۆشم ناوێن، چونکە سۆشیالیست نین".

دی گۆل بڕوای بە دیموکراسیەت هەبوو و دەیوت: "دیموکراسیەت، حوکمی گەلە، بە سەربەخۆیی و بێ ئاستەنگ کار دەکات". "بە لای منەوە دیموکراسیەت هاوواتای دەسەڵاتی نیشتمانییە".

لەگەڵ ئەوەی بە باشە باسی سۆشیالیزمی نەدەکرد، لەگەڵ سەرمایەدارییشدا نەبوو و لەو بارەیەوە دەیگوت: "لە سیستمی سەرمایەداریدا سەرمایەدار دەسەڵاتدارە، هەوڵی زیادکردنی سەرمایەکەی دەدات، بەڵام ئەو کەسانەی سەرمایەیان نییە، خۆیان بە بێگانە دەزانن، هەتا لەو شوێنەی کاری بۆ دەکەن. نەخێر، سەرمایەداری لە دیدی مرۆڤایەتییەوە چارەسەرێکی گونجاو نییە".

کۆماری چوارەم دامەزرا. لە دەستووری کۆماری چوارەمدا، هێز و دەنگی سەرەکی بۆ پەرلەمان بوو. دی گۆل کەوتە ناکۆکی لەگەڵ ئەو سیستمە، داوای دەکرد سەرۆککۆمار دەستی واڵاتر بێت و بتوانێت ئازادانەتر کار بکات و پێویستە وڵات خاوەنی دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری بەهێز بێت. تا ئەو کاتە زوو زوو حکومەت دەگۆڕا بەپێی رێککەوتنەکان و هاوپەیمانییەکانی نێو پارتەکانی پەرلەمان، حکومەت تووشی ئیفلیجی بووبوو.

دی گۆل کەوتە ناکۆکی لەگەڵ پارتەکان و لە 1946دا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و دوور کەوتەوە لە دەسەڵات و سەرۆکایەتی حکومەتی کاتی. لەو رووەوە هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتارەکان و بە یاریکەری نەزۆک ناویان دەهێنێت و کادیری خراپیان دروست کردوە و دەڵێت: "گەلی فەرەنسی بەرپەچی ئەو یاریکەرە نەزۆکانە دەداتەوە و ئەو چوارچێوەیە چاك دەکاتەوە کە گەلی پێ خراوەتە دەرەوە". "خەڵکی فەرەنسا نەگۆڕاون، سەرکردەکانیان رازی نابن گوێ بگرن و کار بکەن، بەڵام زۆر حەزیان لە قسە و وتووێژە".

لە حکومەت دوورکەوتەوە، بەڵام لە سیاسەت نا. بیروڕاکانی لە رۆژنامەکان دەنووسی و باسی پێویستی و چۆنێتی بەهێزکردنی سیاسەتی فەرەنسای دەکرد لە جیهاندا و چۆن سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی بپارێزێت و دەستوور بە چ شێوەیەک بگۆڕدرێت. کەوتە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی، هەروەها بەوردی سەیری سیاسەتی فەرەنسای دەکرد لە جەزائیر و ڤێتنام، پاشان پارتی گردبوونەوەی گەلی فەرەنسای دامەزراند.

دامەزراندنی کۆماری پێنجەمی فەرەنسا لە 1958:

کۆماری چوارەم کێشەی زۆر بوو، نەیدەتوانی بەو شێوەیە بەردەوام بێت. بەهۆی زوو زوو گۆڕینی حکومەت، تەنیا لەنێوان 1954 بۆ 1958 شەش جار حکومەت گۆڕدرا. کێشەی نێوان پارتەکان زۆر بوو، فەرەنسا لەسەر رۆخی شەڕی ناوخۆ بوو، بەتایبەتی ناکۆکییان لەسەر هەڵوێستیان بەرانبەر بە جەزائیر، کە دابەش بووبوون بۆ دوو بەرە؛ بەرەیەکیان جەزائیری بە بەشێک لە فەرەنسا دادەنا و بەرەکەی تر داوای سەربەخۆیی بۆ دەکرد.

داوا لە دیگۆل کرا بێتەوە سەر حوکم، دی گۆل مەرجێکی دانا؛ دەستوور بگۆڕن و رێگەی پێ بدرێت چاکسازی بکات. پەرلەمان رازی بوو. لە تشرینی یەکەمی 1958 دەستووری تازە دانرا بۆ کۆماری پێنجەم و دەسەڵاتی تازە درا بە سەرۆککۆمار، بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە و لە کاتی قەیرانی نائاساییدا، دەسەڵاتی پەرلەمانیش هەر وەکوو خۆی مایەوە. هەردوولا؛ پەرلەمان و سەرۆککۆمار، بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردران. ئەم شێوە سیستمە سیاسەی فەرەنسا، زۆر جار ناو دەبرێت بە "کۆماری پاشایەتی". دیگۆل دەڵێت: "بۆ فەرەنسا سیستمی پاشایەتی گونجاوترە" و هەوڵی دا کۆشکی ڤێرسای بکاتەوە بە کۆشکی سەرۆککۆمار، هەرچەندە بۆ ماوەیەک توانی، بەڵام دوایی سەری نەگرت و جارێکی تر گەڕایەوە بۆ پاریس.

بەشێک لە هاوڵاتیان مەترسییان هەبوو لەو گۆڕانکارییانە، بۆیە دڵنیایان دەکاتەوە و دەڵێت: "دەمەوێت دڵنیا بن کە رووباری لوار بەردەوام دەبێت و بە گۆڕینی کۆمار، رێڕەوی ناگۆڕێت. دەستوور گۆڕاوە، بەڵام فەرەنسا بەردەوامە". لە جەزائیر پێ رەشەکان (ئەو فەرەنسییانەی لە جەزائیر دەژیان) ترسیان هەبوو لە سەربەخۆیی جەزائیر، دی گۆل پێیان دەڵێت: "لێتان تێدەگەم". بەرگری و شەڕی خوێناوی کرا لەنێوان فەرەنسا و جەزائیر لە 1954-1962، شەڕی یەک ملیۆن و نیو شەهید لە جەزائیر زامێکی گەورەیە و تا ئێستاش ساڕێژ نەبووە. دی گۆل پێی باش بوو وردە وردە لە جەزائیر بێنە دەرەوە و دەسەڵات بدەنەوە بە جەزائیرییەکان.

لە ساڵی 1962 جەزائیر سەربەخۆیی وەرگرت، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 132 ساڵ لەژێر دەستی فەرەنسادا بوو. ئەوەش یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی مێژووی فەرەنسا. دی گۆل لەو کاتەدا بڕوای تەواوی بە ئازادیی جەزائیر هەبووە، بەڵام نەیوێراوە بەئاشکرا ئەوە بوورووژێنێت، چونکە هەوادارانی "جەزائیر بەشێکە لە فەرەنسا" زۆر بەهێز بوو، بەتایبەتی لە نێو سوپا و ئەفسەرەکاندا، بۆیە لە ساڵی 1966 لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: "من هەردەم لەو بڕوایەدا بووم کە دەبێت جەزائیر سەربەخۆ بێت، بەڵام بیر بکەنەوە لە ساڵی 1958 گەر لە کۆڕبەندی جەزائیردا ئەو قسەیەم بکردایە، ئێستا لێرە نەدەبووم و نەدەگەیشتمە هەڵبژاردن". چەندین جار هەوڵی کوشتنی دی گۆل درا، بۆ نموونە؛ لە 1962 هێرشێکی گەورە لەلایەن ئەفسەرە فەرەنسییەکانەوە کرایە سەری و ئۆتۆمبێلەکەی 187 گوللەی بەرکەوت، بەڵام ئۆتۆمبێلە باشەکەی و شوفێرە لێهاتووەکەی رزگاریان کرد.

هەر لەو کاتەی لەسەر حکوم بوو، دانی نا بە کۆماری کۆمۆنیستیی چینیدا لە ساڵی 1964، پەیوەندیی دیپلۆماسیی کردەوە، بەوەش فەرەنسا یەکەم دەوڵەتی گەورەی بەرەی رۆژئاوا بوو کە دانی بە چیندا ‌نا.

داواشی کرد هەرێمی کوبێک، کە فەرەنسی زمانن لە کەنەدا، سەربەخۆیی وەربگرێت. ئەوەش کێشەی لەگەڵ کەنەدا بۆ دروست کرد.

دی گۆل، سیاسەتێکی میانڕەوانەی لەگەڵ هەردوو کوتلەی سۆشیالیست و ئەمەریکا پیادە کرد، هەرچەندە ئەوە ناکۆكی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ دروست کرد. گرنگیی بە چەکی ئەتۆمی دا و دەستیان کرد بە دروستکردنی و بەتەواوی پشتی بە ناتۆ نەبەست.

لە ساڵی 1963 لەگەڵ ئەڵمانیا پەیمانی بەست و کۆتاییان بە دوژمنایەتی هەردوو جەنگی جیهانی هێنا لەنێوانیان و بوو بە سەرەتای دامەزراندنی بناغەی یەکێتیی ئەوروپا، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی پێویستە بۆ ئاشتی، لێکتێگەیشتنی نێوان گەلانە، هەرچی سیستم و حکومەتەکانە دێن و دەڕۆن، بەڵام بەداخەوە گەلان ئەمە نازانن". راوێژکاری ئەڵمانیا، تاکە سەرۆکی وڵاتە کە دیگۆل بردوویەتە ماڵەکەی خۆی.

بڕوای بە سەربەخۆیی نیشتمانیی هەر وڵاتێک هەبووە، لە نێو ئەوروپایەکی هەماهەنگدا نەک ئەوروپایەکی فیدراڵی، وەک ئەو کاتە داوا دەکرا و دەڵێت: "تا چ رادەیەک خەیاڵاوی بین و بڕوا بەوە بکەین کە گەلانی ئەوروپا، بەدرێژایی سەدەکان، لە رێگەی ماندووبوون و دەردەسەری، هەر یەکە بەو جوگرافیا و مێژوویەی هەیەتی، بە زمانیان، بە کولتووریان، بە پێکهاتەکانیان، بە دامودەزگا تایبەتییەکانیان، ئەمانە هەمووی رابگیرێن و ببن بە یەک کیان!".

دژی هاتنی بەریتانیا بوو بۆ نێو ئەو هەماهەنگییەی ئەوروپا. لە سەرەتادا پەیوەندیی لەگەڵ ئینگلتەرا زۆر باش بوو، وردە وردە لێی دوورکەوتەوە. ئەمەریکا کاریگەریی زۆرە لەسەر ئینگلتەرا و هەردەم گرێ دراوە بە سیاسەتی ئەمەریکاوە. دیگۆل دوو جار دژ بە ئینگلتەرا ڤیتۆی کرد؛ لە ساڵی 1963 بۆ نێو بازاڕی پێکەوەیی ئەوروپی و لە ساڵی 1967دا دژ بە هاتنی بۆ نێو کۆمەڵەی ئەوروپی. دی گۆل بەریتانیای وەک ئەسپی تەروادە دەبینی، کە هێزی ئەمەریکا دەهێنێتە نێو ئەوروپا و سەربەخۆیی ئەوروپا لەق دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوروپایەکی فیدراڵی، ئەوروپایەکە لەژێر هەژموونی ئەمەریکادا". خاڵێکی تر، ئەوە بوو گەر ئینگلتەرا بێتە نێو ئەو یەکێتییەوە، لە رێگەی وڵاتانی کۆمەنوێلسەوە بازرگانیی کشتوکاڵ بۆ خزمەتی خۆیان بەکار دەهێنن و بەم شێوەیە جووتیاری فەرەنسی زەرەرمەند دەبێت. کۆنە رقێکی بەرانبەر بە ئینگلتەرا هەر هەبووە، کە دەڵێت: "بەلجیکا وڵاتێکە، ئینگلیز دایمەزراند تا کێشە بۆ فەرەنسا بنێتەوە". "پەیمان وەکوو کچی گەنج و گوڵە، هێندە دەمێنێتەوە تا گەشە".

لە هەڵبژاردنی 1965 بۆ جارێکی تر وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە (ماوەی سەرۆکایەتی لە کۆماری پێنجەم، حەوت ساڵ بوو).

لە 1966 هەنگاوێکی تری گرنگی بۆ فەرەنسا هاویشت، ئەویش کشانەوە بوو لە ڤێتنام. داوای کرد لە ئەمەریکا کرد هەمان هەنگاوی فەرەنسا بنێت، کە چۆن لە جەزائیر هاتنە دەرەوە. ئەم وتەیەی بۆ ئەمەریکا قورس بوو.

لە ساڵی 1966 دی گۆل فەرەنسای لە پەیمانی ناتۆ هێنایە دەرەوە. دی گۆل حەزی دەکرد فەرەنسا سەربەخۆ بێت لە بڕیارەکانیدا، نەک ئەمەریکا بەسەریدا بسەپێنێت وەک شەڕی ڤێتنام. لە بەرانبەردا بنکەی ناتۆ لە پاریسەوە چووە برۆکسل. هەرچەندە فەرەنسا بە ئەندامی پەیمانی ئەتلەنتیک مایەوە، بەڵام کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سوپاکەیدا هەبوو. فەرەنسا لە هەنگاوێکی دژ بە ئەمەریکادا، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ئەمەریکای لاتین خۆش کرد و سەردانی بەشێک لەو وڵاتانەی کرد و پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ بەستن.

دی گۆل بڕوای وابوو دوو هێزی گەورەی (سۆڤیەت و ئەمەریکا)، دوو جەمسەری کاریگەرن لەسەر دنیا، بۆ ئەوەی فەرەنسا وەک کیانێکی سەربەخۆ بێت و گرێدراوی هیچ لایەکیان نەبێت، لە حوزەیرانی 1966سەردانی سۆڤیەت دەکات، بە سوپای سوور پێشوازی لێ کرا و یاداشتێکی دوولایەنەیان واژوو کرد. لە وتەیەکدا لە سۆڤیەت دەڵێت: "هیچ یاسایەک رێگە نادات گەلێکی ئاسیا بچێتە ژێر دەستی وڵاتێک لەودیو ئۆقیانووسەوە و حوکمت بکات، دەبێت رێگە بدرێت هەر گەلە بە حەزی خۆی داواڕۆژی دیاری بکات".

دژی هاتنی زۆر و بە لێشاوی پەنابەری موسوڵمان بوو، دەترسا دیمۆگرافیی فەرەنسا تێک بچێت و کاریگەرییان هەبێت لەسەر کولتووری فەرەنسی، دەڵێت: "فەرەنسا، فەرەنسا نامێنێت. راستە، کۆماری فەرەنسا سیکۆلارە، بەڵام فەرەنسا کریستیانە. با قسەی بێمانا نەکەین، خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین، سەیری موسوڵمانەکانتان کردووە بە دژداشە و عەمامەی سەریان؟ دەبێت فەرەنسی بین. ئەوانەی دەڵێن ئەمانە تێکەڵ بە کولتووری فەرەنسی دەبن، مێشکیان بە قەد مێشکی باڵندەیەکە، هەتا ئەگەر دبلۆمی بەرزشیان هەبێت". "بڕوات وایە فەرەنسا دەتوانێت دە ملیۆن موسوڵمان وەربگرێت، سبەی دەبنە بیست و دووسبەی چل، ئەگەر رەگەزنامەی فەرەنسی بدەینە جەزائیرییەکان و بەربەرەکان، چۆن دەتوانین رێگەیان لێ بگرین بێنە فەرەنسا دابنیشن، بەتایبەتی کە باری ئابووریی فەرەنسا باشترە". "دێیەکەی من ناوی کۆلۆمبەی دوو کەنیسە، ناوی دەبێتە کۆلۆمبەی دوو مزگەوت". "وەرە سرکە و رۆن تێکەڵ بکە، چەند تێکیان بدەیت هەر لێک جیا دەبنەوە، عەرەب و فەرەنسییش وان، عەرەب عەرەبە و فەرەنسییش فەرەنسییە". "فەرەنسیی زەردپێست، رەش و گەنمڕەنگمان هەیە، ئەمە مانای ئەوەیە فەرەنسا کراوەیە بەرەو رووی گەلان و خاوەن پەیامێکی جیهانییە، بەڵام وا باشترە بە کەمینە بمێننەوە".

لە ئایاری 1968، گەنجان، بەتایبەتی لە زانکۆکاندا، راپەڕین. هۆکار زۆر بوون، تایبەت بە خوێندن، سیستمی خوێندن، بێکاری، دەسەڵاتی زۆری دی گۆل، مافی مرۆڤ، مافی کرێکار و هاوپەیمانیی گەنجانی جیهان. دە ملیۆن لە خوێندکاران و کرێکاران دژ بە پۆلیس بوون. دەسەڵاتی پۆلیس توانیی سەرکوتیان بکات و کۆتایی بە ڕاپەڕینی ئایاری 1968 بهێنێت و لە 30ی ئایاری 1968 دی گۆل دەڵێت: "واز ناهێنم، سەرۆکوەزیران ناگۆڕم، بەڵکوو پەرلەمان هەڵدەوەشێنمەوە". لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا پارتەکەی و هاوپەیمانانی، زۆرینەیان هێنا سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییەی کە کرا.

زۆر جار گلەیی هەبووە لە فەرەنسییەکان و ناڕازیبوونیان، دەڵێت: "فەرەنسی، تەنیا بیر لە خواردن و خواردنەوە و خۆشگوزەرانی دەکاتەوە، گۆشت و پەتاتەی سوورەوەکراو بخوات و خاوەنی ئۆتۆمبێلی رینۆی چوار بێت، بەڵام ئەمانە هیچیان لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا نین". "چۆن دەتوانیت گەلێک حوکم بکەیت کە خاوەنی 258 جۆرە پەنیرە". "یەکسانیی کۆمەڵایەتی، لەسەر هیوا، لەسەر گەورەیی وڵات دروست دەبێت، نەک لەسەر جۆری پێڵاو". "هەموو فەرەنسییەک حەز دەکات هەندێک مافی تایبەتی هەبێت و سوودی لێ وەربگرێت و وا نیشان بدات بڕوای بە یەکسانی هەیە". "فەرەنسی، حەز دەکات هەردەم هەندێک جیاوازیی هەبێت و لە هەمان کاتدا داوای یەکسانی دەکات، ئەم دووڕووییە بەدرێژایی مێژوو لای فەرەنسییەکان هەبووە". "هەموو گێرەشێوێنییەک رێگە بۆ گرووپی جیاواز دروست دەکات تا رق و کینەیان دەرببڕن". "بەڵێ بۆ ریفۆرم، نەخێر بۆ گێرەشێوێنی".

"گەر کەسێک گەمژە نەبێت، نابێتە پۆلیس، رەخنە و زیرەکی لەگەڵ ئیشی پۆلیس ناگونجێت، پۆلیس تەنیا فەرمان جێبەجێ دەکات" . "بەگشتی، مرۆڤی ئازا زیرەک نییە و زیرەکەکانیش ئازا نین".

لە نیسانی 1969، دی گۆل رەشنووسێکی پێشکەش بە گەل کرد بۆ گۆڕێنی بەشێکی زۆر لە یاساکان و خستییە ریفراندۆمەوە، بەڵام لە ریفراندۆمەکەدا رەشنووسەکە رەت کرایەوە و دی گۆل دەستی لە کار کێشایەوە، هەروەک خۆی پێشوەختە بڕیاری دابوو. ئەو سەرکردەیەی بووبوو بە سونبولی بەهێزی بەرەنگاری و سەربەخۆیی فەرەنسا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، شکستی هێنا لەوەی گەل بە رەشنووسەکەی رازی بکات. هەموو ژیانی بڕوای بە گەورەیی فەرەنسا هەبوو و زۆر جار باسی ئەو گەورەییەی کردووە، کە ئەو هەر لە خزمەتیدا بووە و دەڵێت: "هیچ شتێکی گەورە، بەبێ مرۆڤی گەورە ناکرێت و ئەو مرۆڤانەش هەر ئەوەیان ویستووە کە گەورەبن"."گەل خاوەن قسەیە و قسەی گەلیش قسەی دەسەڵاتە". "داواکاریی گەلی گەورە، هاوتەریبە لەگەڵ گەورەیی کێشە و بەڵاکان". "فەرەنسی لە هەر شتێک بگەڕێت، ئەو شتە سەرسوڕهێنەرە". "ناکرێت فەرەنسا، فەرەنسا بێت و گەورە نەبێت". "گەر لەلایەن زۆرینەتان بڕواتان پێم نەما وەک سەرۆکی وڵات، واز لە کارەکانم دەهێنم". "لە هەموو ژیانم بیرۆکەیەکم بەرامبەر بە فەرەنسا هەبوو ئەوێش (گەورەییەتی)". "بە سروشت فەرەنسا ناتوانێت لەپێشەوە نەبێت، یەکەم نەبێت. پرۆژەی گەورە دەتوانێت کۆمەڵگەی فەرەنسی دوور بخاتەوە لە دابڕان لە یەکتری".

دوورکەوتەوە لە پاریس و لە خانووەکەی لە دێی کۆلۆمبەی دوو ئگلیز، لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەدوای 10 مانگ، لە 9ی تشرینی دووەمی 1970 کۆچی دوایی کرد. لە باسی خۆی و کارەکانیدا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی زۆر شت دەستپێدەکاتەوە، زوو یان درەنگ، ئەوانەی کردوومە دەبنە ئیلهامبەخش، دوای ئەوەی دەمرم". "چ مرۆڤێک کۆتایی بە سەرکەوتنەکانی هێناوە؟". "ژیان ژیانە، بە مانایەکی تر، دەبێت هەوڵ بدەیت، جا ئەمە راستە بۆ مرۆڤ و بۆ گەلیش". "نەمری، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە هەردەم خەونیان پێوە بینیوە". "پیری، نقومبوونی کەشتییە". "گەر هیوا کۆتایی هات، مانای مردنە". "دواڕۆژ موڵکی کەس نییە". "زەحمەتی، پیاوی بەهێز رادەکێشێت و خۆی لەو رێگەیەدا دەدۆزێتەوە". "لە گەرمەی رووداوەکاندا، هەوڵی تەنیاییم داوە، ئێستا تەنیایی هاوڕێمە".


عەجاج و رزگاربووانی ئەنفال رووبەڕووی یەکتر

نەوزاد مەحمود

بەیانی رۆژی پێنج شەممە 7ی ئایاری 2026ـە لە دادگای رەسافەم لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق . پیاوێکم بینی ، پیاوێکم بینی وەک شێوەی جارانی نەبوو، پیاوە کەڵەگەت و چوارشانە و قژپڕ و مەترسیدارەکە نەبوو، ترسی دادڤانیی و ئەو چیرۆکانەی لە تووڕەییدا کەفدەڵێن ببوون و چاویان بۆ دەگێڕا، هێندەی دیکە سیس و لاوازیان کردبوو. ئەو بە تەنیشت من دا لە رێڕۆ بەرتەسکەکەوە بردیان بۆ ژووری چاوەڕوانیی دەستپێکردنی دادگاییەکە.

رۆژی 7ی ئایاری 2026 لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا بەیەکگەیشتنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرا. قوربانیانی هێرشەکانی پرۆسەی ئەنفال و یەکێک لە جەللادەکانیان. برین و چەقۆ. قامچی و خەتی ئێشەکان، رۆژگار بە جۆرێک یارییەکەی پێچەوانە کردبووەوە کە رزگار شەمزین عەلی، پێیگوتم "خۆزگە دادوەر رێگەی دابووایە لەنێو هۆڵی دادگە کردەوەیەکی عەجاج دووبارە بکەمەوە، ئەژنۆم بخەمە سەر شانی و لێی بپرسم: ئەو کچانەت بۆچی بردە ژوورەکەت و دەستدرێژیت کردە سەریان؟".

تێپەڕینی (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی)، وەک هەڵڕشتنی قاپێک خوێ بوو بەسەر برینەکاندا، هەیەجان و شلوێبوونی لەنێو شاهێدحاڵ و سکاڵاکارانی ئەنفال دا دروستکرد و پارێزەرەکانی کورد هەوڵی هێورکردنەوەی ئەوانیان دەدا "هەمووتان دەیبینن، لە بەردەمتان رادەوەستێ"، ئەمە رێک 40 خولەک پێش دەستپێکردنی دانیشتنی دادگاییەکە بوو کە بە پاساوی بچووکی هۆڵی دانیشتن و زۆریی سکاڵاکاران، پرۆسەکە کاژێر 10 دەستی پێکرد.

عەجاج، بە چاوشۆڕی و زیلەتباری سەیرێکی شاهێدحاڵەکانی کرد "خۆی داماو کردووە، کەمێکی دیکە تاڵاوی کردەوە دڕندەکانی دەنۆشێت"، سۆران عەبدوڵڵا وای پێگوتم کە برینەکەی سەری هێنابووە بەغدا تاوەکو پیشانی دادوەری بدات.

بینینە کورتخایەن و چەند چرکەییەکەی عەجاج هۆڵەکەی دایە دەست هەرا و هەنگامەیەکی زۆر، هەر یەکەو لای خۆیەوە لەو زەلیلییەی عەجاج سێبووری بۆ چیرۆکەکەی خۆی دەدرووی "یارییەکە پێچەوانە بووەتەوە، 8 دانە مانگی رێک من لە نووگرەسەلمان خۆم لە عەجاج دەشاردەوە، ئێستا عەجاج خۆی لە من دەشارێتەوە!" ، رزگار شەمزین وایگوت.

هۆڵەکە بچووکە، دادوەرێک و ژمارەیەک لێکۆڵەری دادی و سێ پارێزەری کورد و پارێزەرێکی ئافرەت کە هیچ خاڵێکی بەهێز شک نابات بۆ بەرگریکردن لە عەجاج، بە جلوبەرگی تایبەتی پارێزەری وەستاون. لە نێوەڕاستی هۆڵەکەدا قەفەزێک بۆ تۆمەتبار دانراوە کە لەنێویدا بەجلی زەرد بە پێوە راوستاوە. شاهێدحاڵ و سکاڵاکارانی ئەنفالیش کە لە ناوچەکانی خورماتوو (ناوچەیەکی کوردستانیی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە) ، چەمچەماڵ ( قەزایەکی پارێزگای سلێمانییە و پێشتر سەر بە کەرکووک بوو)، پاریزگای هەڵەبجە، قەرەداخ ( لە پارێزگای سلێمانی)، دەشتی کۆیە و بالیسان ( لە پارێزگای هەولێر)، هاتوون. هەریەکێک لەوان گیرۆدەی ئێشی چیرۆکێکە و پیاوی نێو قەفەزەکەش دیلی دەستی هەموو چیرۆکەکانە، بەو هەزاران چیرۆکەشەوە کە چانسی گەیشتن بە بەغدایان نەبوو.

دانیشتنی دادگە بە بانگکردنی فەزیلە محەممەد مەحموود دەستی پێکرد، بەڵام فەزیلە دوای ئەوەی سوێندی راستبێژیی بۆ دادوەر خوارد، رەتیکردەوە قسە بکات و گوتی، جەنابی دادوەر، من دەمەوێ لە دۆخێکی تەواو نهێنیدا قسەی خۆم رووبەڕووی تۆمەتبار بکەم، چونکە دەمەوێ ناوەکانی نێو گێڕانەوەکەم پارێزراوبن.

دادوەر، رزگار شەمزین عەلی بانگ کرد. رزگار، ژیانێکی کولەمەرگی لە نووگرەسەلمان قەتاندبوو، بەڵام رووەو عەجاج بە دادوەری گوت، ئێمە رەزالەتی زۆرمان بەدەست ئەم پیاوەوە چێشتووە، بەڵام دەستدرێژییە سێکسییەکانی ئەم کابرایە منیان زۆرتر خەمگین کردووە. دادوەر چەند جارێک دووپاتیکردەوە "تۆ دەستدرێژی ئەوت بە چاوی خۆت بینی؟"، رزگار دیمەنەکەی ئاوا گێڕایەوە: جەنابی دادوەر، چەند کچێک کە وادیاربوو تازە هێنرابوونە نووگرەسەلمان، ئەوان بە بازنەیی دانیشتبوون و زۆر جوان و شەرمن بوون و سەریان داخستبوو، چەند پۆلیسێک کە عەجاج ناردبوونی، هاتن بۆ هەڵبژاردنی جوانەکانیان. پۆلیسەکان رۆیشتن، دواتر لەگەڵ عەجاج هاتنەوە، عەجاج ئەژنۆی خستە سەر شانی یەکێکیان و دواتر دوو لە کچەکانی برد لەگەڵ خۆی.

دادوەر: گوتم خۆت بینیت؟

رزگار : بەڵێ خۆم بینیم.

لەوکاتەدا عەجاج ئاوڕێکی بۆ لای رزگار دایەوە و دواتر سەری بۆ لای چەپی خۆی بادایەوە.

دادوەر: چی دیکەی بەرامبەرتان کرد؟

" لەوێ پەیداکردنی ئاوی خواردنەوە ئێجگار زەحمەت بوو، ئەم پیاوە ئاوێکی وەک ژەهر تاڵی پێدەداین و دەیوست بە تینوێتی بمانکوژێت."

لە ساڵی 2006ەوە دەردەسەرییەکانی ئەم رزگاربووانەی ئەنفال دەنووسمەوە. عەجاجی نێو چیرۆکەکان لە دووری سەتان کیلۆمەترەوە بۆ منیش ببووە کابووس. ئەگەر دادوەر رێگەی یەک پرسیاری بە من دابووایە لێمدەپرسی: هەر بەڕاست چۆن فریا کەوتی ئەو هەموو ستەم و زۆردارییە بکەی؟

کاژێر 7:30ی سەرلەبەیانی (رەزا حەسەن مارف)ی بەساڵاچوو کە لە گوندی جەلەمۆردەوە هاتبووە بەغدا، لەنێو حەوشەی دادگە پێیگوتم: زۆربەی هاوتەمەنەکانم کە لە نووگرەسەلمان هاتنەوە ئاواتی بینینەوەی عەجاجیان بردە ژێر گڵەوە، بەڵام من وادەڕۆم بیبینم و حەق و حیسابی لەگەڵ بکەم.

"ئەم پیاوە چی لە تۆ کردووە؟"، مام رەزا داگژایە سەر پرسیارەکەی دادوەر و یادەوەریی هارووژا "بە پێڵاوەکانی سەری منی دەچەقاندە نێو چڵکاوێک بۆ ئەوەی بیخۆمەوە".

دیمەنەکەی روونتر کردەوە و گوتی، تینوومان بوو و ئاو نەبوو، لە ژوورەکەی عەجاجەوە چڵکاوی سابووناو و دەستشۆر و قاپشۆریی دەهاتە دەرەوە، ئەویش بە پێڵاوەکانی سەری ئێمەی دەخستە نێو چڵکاوەکە تاوەکو بیخۆینەوە.

دادوەر: بۆچی وای لێدەکردن؟

مام رەزا: لەبەرئەوەی کورد بووین.

یەک یەک ناوی منداڵەکانی خۆی بە دادوەر گوت کە لە نووگرەسەلمان بوون، ناوی ئەوانەشی کە مردن. ئینجا دادوەر لێی پرسی، مردووەکانتان چۆن ئەسپاردەی خاک دەکردن؟

- لەوێ پاچ و خاکەنازێک هەبوو، کەمێک زەوییەکەمان چاڵ دەکرد و دەمانکردنە ژێر خۆڵەوە و دوای ئێمە سەگەکان دەیانخواردن.

تاوەکو دادوەر کەسی زیاتر بانگ بکاتە ژوورەوە، عەجاج تەنگاسیتر و مەلوولتر دەبێ. بە لای چەپی دا سەرزەنشتکارانە ئاوڕ بۆ (شەهد محەممەد)ی پارێزەری خۆی دەداتەوە کە وادەردەکەوێ پڕیشکەی ئاگری چیرۆکەکان کاخەزی بەرگرینامەکانی ئەویشیان سووتاندبێ. شەهد، هیچ بەرگرییەکی لە عەجاج پێناکرێ.

شەهد لە دەرەوەی دادگا قسەی بۆ کردم، دوای ئەوەی لێم پرسی چۆن چوویە ژێرباری بەرگریکردن لە پیاوێک کە بەڕێوەبەری بەدناوترین زیندانی عێراق و مێژووەکەیەتی؟ بە نەرمکێشی وەڵامی دامەوە " کەسوکاری عەجاج داوایان لێکردم".

-کەسوکاری عەجاج هیوایان بە تۆ هەبوو؟

+نەخێر، ئەوان پێیانوابوو کە ئەستەمە لەم دۆسێیە رزگار ببێت، بەڵام عەجاج خۆی بە منی گوت لە ژێر ئەشکەنجەدا گوتوویەتی ئەو خەڵکی برسی کردووە و بە راپۆرتی پزیشکی ئەشکەنجەدانەکە سەلمێندراوە.

-تکایە شەهد پێمبڵێ، پێش دادگاییکردنەکە عەجاج چیدیکەی پێگوتی؟

+گوتی پلەی سەربازی من ملازم بوو نەک رائید و، زێدەڕۆییەکی زۆر بە دەسەڵات و خراپکردنی نێوبانگی منەوە کراوە.

شەهد، هیواگۆیانە قسەیەکی کرد، ئەو گوتی بەشێک لە شاهید حاڵەکان قسەکانیان پووچەڵ دەبێ، چونکە دەڵێن حەجاج لەکاتێکدا ئەو ناوی عەجاجە. عەلی جافی هاوکارم بۆی روونکردەوە کە لە هەندێک ناوچەی کوردستان پیتی (ع) بە (ح) دەردەبڕن.

-بەڵام بە درێژایی خولی یەکەمی دادگاییەکە تۆ تەنیا یەک جار قسەت کرد کە هیچی لە دۆخەکە نەدەگۆڕی، پێمبڵێ یەک خاڵی بەهێز لەنێو فایلی عەجاج دا چییە؟ زەنگێک تەلەفۆنەکەی راوەشاند و کەمێک دوورکەوتەوە. پێدەچوو کەسوکاری عەجاج نوێترین زانیاریی لە شەهد بخوازن.

من بە وردی سەرنجی عەجاج دەدەم، ئەو پیاوەی سەتان کەسی نێو گۆڕەکانیش چاوەڕێی دەکەن لە دادگایی دنیاکەی دیکە بەرۆکی بگرنەوە. ئەوانەی کۆتایی چیرۆکەکەیان سەگێکە، کە بەسەر تەرمەکانیانەوە لەو بیابانە کاکی بە کاکییەدا گۆشت دەخوات!

سەر و ریشی سپی بوون، نیگا تکاکارەکانی دەگوازێتەوە سەر رووخساری ئەوانەی لە جەستەی هەر یەکێکیاندا ئاسەواری دڵڕەقی و داپڵۆسینی جێهێشتووە. لاوازبووە و چرچ و لۆچەکان وەک پیاوێکی نزیکی 70 ساڵ دەریدەخەن. ئەمە ئەو عەجاجەیە کە ئەمین سەمین بە تاسەی بینینی بوو.

با باسی ئەمین سەمین بکەم. لە کۆتاییەکانی هاوینی 2010 لە کەلاوەیەکی نۆژەنکراوەی عەزیز قادر بینیم. کانیۆلایەک دەرمانی دەتکاندە نێو دەماری دەستییەوە. ئەو خراپ گیرۆدەی نەخۆشییەکی درێژخایەن ببوو. نەخۆشیی لەدەستدانی هەموو خێزانەکەی.

ئەمین بەردەوام خۆزگەی بە بینینەوەی عەجاج دەخواست، بەڵام مەرگ گوێی لێنەگرت و سەری نایەوە.

عەجاجێک هەبوو بۆ کات بەسەربردن کحولی دەرخواردی منداڵان دەدا. کۆرپەکانی دەکوشت، پیاوە بەساڵاچووەکانی هەڵدەواسی، دەستدرێژی دەکردە سەر کچان و ژنان، بەڵام ئەم جارە رۆڵێکی دیکەی هەیە، بە سەرکزیی نێو قەفەزەکەی دەیەوێ پێمانبڵێ، ئەو قەڵا تۆکمەیەی عێراقی تۆقاندبوو ئێستا لە ئێسک و پرووسکەکان دەترسێ!

"سەیرمکە عەجاج... سەیری من بکە عەجاج"، عەتا ئیبراهیم عەبدولقادر مکوڕبوو لەسەر ئەوەی لە رووخساری تۆمەتبارەکەدا دوایین چرکەساتی چاولێکنانی ساهیرەی خوشکی وەبیربێنێتەوە. دادوەر بە عەجاجی گوت: سەیری بکە. ئینجا بارسووکی بۆ عەتا گەڕایەوە "7 کەسم لەدەستدا و ساهیرەی خوشکم لەوێ مرد، ئەمە جەللاد بوو، سەگ تەرمەکانی خوارد" ، عەجاج نەیتوانی لەوە زۆرتر سەیری بکات و ئاوڕی دایەوە "بێزم لە بەعسییەکان دێتەوە و ئەمە بەعسی بوو".

نووگرەسەلمان دوایین زیندان و نزیکترین قەڵای نزیک لە چاڵەکانی مەرگی بەکۆمەڵ بوو لە بیابانەکانی سەماوە.

لەو رێڕۆیەدا کە چاوەڕێی دەستپێکردنی دانیشتنەکەمان دەکرد، سۆران عەبدوڵڵا حاجی پێیگوتم "چاڵ بۆ ئێمەش ئامادەکرابوو، دەبوو بمانبەن و گولڵەباران بکرێین و خۆڵ بکەن بەسەرماندا، بەڵام ئیتر چارەنووسی ئێمە چاڵەکان نەبوو".

جەنابی دادوەر من ئەوکات تەمەنم 13 ساڵ بوو، شەو لە هۆڵەکەمان راکشابووم و کاتی خەو بوو. نەمزانی عەجاج لە تەنیشت سەرمە، کاتێک جوڵامەوە بە پۆستاڵەکەی یەک شەقی لەسەرم هەڵدا و سەرم ئالێرە تەقی( دەستی بۆ لای چەپی سەری رادەکێشێ کە شوێنی برینێک دەردەکەوێ)، بەڵێ ئەو کابرایە وای لێکردم".

سۆران، 7 مانگ و 8 رۆژی پڕ لە داڕسکان و تاڵنۆشیی لەوێ بەسەر بردووە "با سەیرم بکات جەنابی دادوەر" ، کە عەجاج لە سەر فەرمانی داوەر سەیری کرد "تەنیا ئاوی پیس و سەمونەڕەقەی پێدەداین، زیاتر لە 10 کەسم بیرە کە مردن و لەوێ خراونەتە ژێر خۆڵەوە".

دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنە نهێنییەکەی دادوەر و فەزیلە و عەجاج کە تانانەت پارێزەرەکانیش کرابوونە دەرەوە، بە فەزیلەم گوت بۆچی رەوشێکی نائاسایی و نهێنیت داواکرد؟

"هەندێک دەستدرێژی دڕندانەی عەجاج هەبوون دەبووایە ناوی قوربانییەکان بپارێزم. ئینجا بە عەجاجیشم گوت، دەبێ تاوەکو کۆتایی سەیرم بکات".

فەزیلە قوربانییەکی جیاوازە، لە بوێری و وردەکاریی و هونەری گێڕانەوەدا زۆرتر لەو قوربانیانە دەچێ لە بارەی کۆمەڵکوژییەکانی بۆسنیا و پۆڵەندا قسەیان بۆ کردبووم. با ئەوە بمێنێ بۆ بەڵگەفیلمەکەمان کە دەردەکەوێ فەزیلە چ ئازایەتییەکی لە ئێشەکەی دڵی بەرهەمهێناوە.

ئەو هەڵەبجەییانەی لە دوای کیمیابارانکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون لە ئێرانەوە فریوی لێبووردنەکەی سەددام حوسێنیان خوارد و گەڕانەوە، دەستگیرکران و رەوانەی نووگرەسەلمان کران. دادوەر بە دەنگی بەرز بە دەرگاوانەکەی گوت با عەلی عارف بێتە ژوورەوە.

"برسێتی و نەخۆشی چاوەقووڵە زۆر کەسی کوشت، ئەم عەجاجە بە یەک کێبڵ مامی منی کوشت کە ناوی ئەڵڵاکەرەم بوو".

دادوەر: بوەستە، گوتت ناوی ئەڵڵاکەرەم بوو؟!

عەلی: بەڵێ.

مشتومڕی تێگەیاندنی دادوەر درێژەی کێشا. سەری سووڕما بوو چۆن دەکرێ کەسێک بەناوی خوداوە نێو بنرێت.

بەڵام عەلی لە دەرەوەی دادگا پێیگوتم، ئەگەر بزانی عەجاج چی لە دایک و کوڕێک کردووە بەرگەی ناگری "نەدەکرا لەوێ باسی بکەم، کوڕەکە داوای ئەوانی قبوڵ نەکرد و کوشتیان، بەڵام دایکەکە مایەوە".

رووخساری عەجاج ئەو شتەیە کە هەموو شاهێدحاڵەکان پێویستیانە! هەموویان داوای ئاوڕدانەوەی لێدەکەن. لەوانەیە رووخساری لاواز و مردەلۆخی جەللاد هەندێک بارسووکی بە جەستە شەکەتەکەیان بدات کە ساڵانێکە بارێکی گرانی هەڵگرتووە. نیشتیمانیش ئەوەی دەویست، سەیرکردنی عەجاج.

"دایکم لە باوەشی دا مەمکی بە برابچووکەکەم دەدا و لەوکاتەدا عەجاج هات، کێبڵەکەی چەقاندە روومەتی براکەم و چاڵی کرد، دواتر کێبڵەکەی چەقاندە مەمکی دایکم و بە تێپەڕینی ساڵان ئێشی مەمکی بووە شێرپەنجە و ئێستا دەرمانی شێرپەنجەی هەیە".نیشتمان عەلی خورشید، وایگوت.

ئەو باوەشانەی کە عەجاج کردوونی بە هەواری مەرگی کۆرپەکان دا زۆرن. سەلمە محەممەد رۆبیتان، تەمەن 64 ساڵ، لە دەمی شیرپێدانی کۆرپەکەیدا قامچییەکەی عەجاج کۆستباری کردووە.

دادوەر: هەر ئەوکاتە کوڕەکەت مرد؟

سەلمە: نەخێر، رۆژی دواتر.

ئەو پرسیارانەی دادوەر زۆر دووپاتی دەکردنەوە لە شاهێدحاڵەکان، ئەشکەنجەکانی عەجاج، دەستدرێژی سێکسی، چۆنیەتی شاردنەوە و ئەسپەردەکردنی تەرمەکان بوو.

26 کەس شاهێدییان دا و بە جۆرێک هۆڵەکەیان تژی کردبوو لە بەسەرهاتی خوێناوی و دیمەنی کارەساتبار، کە هەمووان چاوەڕێی هەمان سزای عەلی حەسەن مەجید و سەددام حوسێن بوون، بەڵام دادوەر رایگەیاند "دوابڕیاری دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا".

ئەم جۆرە دانیشتنانە لە بارە گشتییەکەی دا پرۆسەی دادوەرین و وادەکەن هەندێک بارسووکی بۆ قوربانییەکان بدۆزنەوە کە وەڵامدەرەوەی چیرۆکە بەگلەییەکانی بێت، بەڵام لەو کەلەپچەیە گرنگتر کە دەوڵەت دەستی عەجاجی پێ کۆتکردووە ئەوەیە، سیستمە سیاسییەکان رێگە نەدەن عەجاجێکی دیکە دروست ببێتەوە.

لەکاتی بەجێهێشتنی دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە، هەریەکە و جۆرە مردنێکی بۆ عەجاج پێشنیاز دەکرد. یەکێک دەیسووتاند و یەکێکی دیکە دەیبردەوە بۆ نووگرەسەلمان و لەوێ لەسێدارەی دەدا، بەڵام پارێزەر ئەیاد کاکەیی شتێکی دیکەی پێگوتن: " لەسێدارەش نەدرێ ئاساییە، با لە ژوورە تاکەکەسییەکەی هەموو ژیانی بە بیرکردنەوە لە مردن تەواو بکات".
 
 

پێنتاگۆن: تێچووی جەنگی ئێران بۆ نزیکەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە



یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، تێچووی جەنگی ئێران بۆ نزیکەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا رووبەڕووی رەخنەی تووندی یاسادانەران بووەوە سەبارەت بە تێچوو، ستراتیژ و "ناڕوون"ی جەنگەکە و داواکاریی بودجەی 1.5 تریلیۆن دۆلاریی وەزارەتەکەی.

 لە دانیشتنێکی لیژنەی تەرخانکردنی بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەی هێرست، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئامارێکی نوێی لەبارەی تێچووی جەنگەکەوە ئاشکرا کرد.

هێرست رایگەیاند: "تێچووی جەنگەکە بۆ نزیکەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە،" لە کاتێکدا دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتەکە رایگەیاند، 25 ملیار دۆلارە.

هێرست هۆکاری زیادبوونەکەی گەڕاندەوە بۆ "تێچووی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستەکان" و "تێچووە گشتییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان."

هێگسەس و دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی پێشنیازکراوی 1.5 تریلیۆن دۆلاریی پێنتاگۆن بۆ ساڵی 2027 ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام جەنگی ئێران و تێچووەکانی باڵی بەسەر دانیشتنەکەدا کێشا.

گرفتی بودجەی جەنگ و "ناڕوونی"ی ئیدارەی ترەمپ
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی نیگەرانیی یاسادانەران ئەوە بوو، بودجە 1.5 تریلیۆن دۆلارییەکە تێچووی جەنگی ئێرانی لەخۆنەگرتووە و کۆنگرێس چەندین هەفتەیە چاوەڕێی پێشکێشکردنی داواکارییەکی بودجەی تایبەت بە جەنگ دەکات.

کێن کاڵڤێرت، سەرۆکی کۆماریی لیژنە لاوەکییەکەی تەرخانکردنی بودجەی بەرگری، پرسیاری لە هێگسەس کرد، کەی ئەو داواکارییە پێشکێش دەکەن؟ هێگسەس لە وەڵامدا گوتی: "هەر شتێک پێمانوابێت پێویستمانە، پێشکێشی دەکەین،" بەڵام وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە.

بێتی مکۆڵم، دیموکراتی لیژنەکە، رەخنەی لە "نەبوونی شەفافیەت" گرت و رایگەیاند: "تەنانەت دوای ئەوەی ئیدارە رایگەیاند، جەنگ کۆتایی هاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن."

مکۆڵم داوای روونکردنەوەی کرد لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی پێویستە بۆ ئۆپەراسیۆنییەکان، هێشتنەوەی کەشتییەکان، پڕکردنەوەی کۆگەکانی تەقەمەنی، قەرەبووکردنەوەی کەرەستە لەدەستچووەکان، تێچووی سووتەمەنی و چاککردنەوەی دامەزراوە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە.

ناکۆکی لەسەر کەمبوونەوەی تەقەمەنی
پرسی کەمبوونەوەی کۆگەکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانیشتنەکە. هێگسەس رەخنەکانی رەتکردنەوە و گوتی: "پرسی تەقەمەنی بە شێوەیەکی گەمژانە و بێسوود گەورە کراوە. ئێمە بەتەواوی دەزانین چیمان هەیە. بەشی پێویستمان هەیە."

بەڵام ئەم لێدوانەی هێگسەس لەگەڵ بەشێکی گەورەی داواکاریی بودجەکەدا ناگونجێت، کە بۆ پڕکردنەوەی کۆگە بەتاڵبووەکانی تەقەمەنی تەرخانکراوە. جەنەراڵ دان کەینیش هەوڵی دا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و گوتی: "ئێمە تەقەمەنیی پێویستمان هەیە بۆ ئەو ئەرکانەی پێمان سپێردراون."

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس پێشتر رایانگەیاندبوو، جەنگەکە پێنتاگۆنی ناچار کردووە بە پەلە بۆمب، مووشەک و کەرەستەی دیکە لە کۆگەکانی ئاسیا و ئەورووپاوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوازێتەوە، ئەمەش ئامادەیی ئەمریکای بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانی وەک رووسیا و چین کەمکردووەتەوە.

رەخنەی تووندی دیموکراتەکان
دیموکراتەکان بە تووندی هێرشیان کردە سەر هێگسەس. سیناتۆر کریس کونز، دیموکرات لە ویلایەتی دێلاوێر، بە هێگسەسی گوت: "هەندێک جار وا دەردەکەوێ ئێوە پەرۆشترن بۆ بردنەوەی جەنگە کولتوورییەکان وەک لە بردنەوەی ئەو جەنگە راستەقینەیەی کە تێیداین."

رۆزا دیلۆرۆ، دیموکراتی لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران، باسی لە "نەبوونی شەفافیەت" کرد و گوتی: "دەبێت لە کۆتایی جەنگەکەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە: چیمان بەدەستهێنا و بە چ تێچوویەک؟"

شەڕە قسە لەبارەی ئاگربەست و پلانی داهاتوو
هێگسەس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاگربەستەکە، بە شێوازێکی ناڕوون گوتی: "زۆربەی کات، ئاگربەست واتە راگرتنی شەڕ، ئێمەش دەزانین کە ئەمە روویداوە لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەڕێوەدەچن." ئەمەش دوای ئەوە دێت، ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند ئاگربەستەکە "لەسەرەمەرگدایە".

کاتێک پرسیاری پلانی داهاتووی لێکرا، هێگسەس گوتی: "پلانمان هەیە بۆ زیادبوونی گرژییەکان ئەگەر پێویست بکات؛ پلانمان هەیە بۆ پاشەکشە ئەگەر پێویست بکات. پلانمان هەیە بۆ گواستنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکان،" بەڵام ئامادە نەبوو لە دانیشتنەکەدا وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.

دانیشتنەکە بە گرژی دەستیپێکرد، کاتێک هێگسەس گەیشتە هۆڵەکە، رووبەڕووی ناڕەزایەتیی چالاکڤانێک بووەوە کە دەستەکانی بە رەنگی سوور، هاوشێوەی خوێن، رەنگکردبوو و داوای لە وەزیری جەنگ کرد جەنگی ئێران رابگرێ.

لە سەرەتای قسەکانیدا، هێگسەس هیچ ئاماژەیەکی بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکرد، ئەمەش جیاواز بوو لە دانیشتنەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری.


ئەو کاکەییەی لێدانێکی عەجاج کردیە یەکەم شەهیدی هەڵەبجەییە ئەنفالکراوەکان


عەجاج بە دەنگە بەرزەکەی و کێبڵەکەی دەستییەوە لە گۆڕەپانی نێوەڕاستی گرتووخانەی نوگرە سەلمان، کەوتبووە گیانی ئەو گەنجانەی بەپێوە وەستابوون، پیاوێکی 66 ساڵان لێی هاتە دەنگ: "بۆ لێیان دەدەیت؟ تاوانیان چییە؟"

ئەو کەسە ئەڵڵا کەرەم میر ئەحمەد، یەکێک لە گیراوانی نوگرەسەلمان بوو. دەنگەکەی، عەجاج و دارودەستەکەی بە پڕتاو بە ئاراستەی خۆیدا برد، بە کێبڵ بەربوونە گیانی و بووە یەکەم شەهیدی دەستی جەللادەکەی نوگرەسەلمان.

ئەڵڵا کەرەم لەگەڵ دوو کوڕ و کچێکی لە 9ی ئابی 1988 لە ئۆردوگاکانی ئێرانەوە بە فێڵێک گەڕانەوە دیوی باشووری کوردستان، لەوێوە سەربازانی سوپای پێشوو دەستگیریان دەکەن و لە 16ی هەمان مانگ دەیانبەنە گرتووخانەی نوگرە سەلمان.

سەلمان ئەڵڵاکەرەم تەمەنی 23 ساڵ بووە ئەو کاتەی لەگەڵ باوکی راپێچی نوگرەسەلمان کراوە، گوتی: "کە عەجاج لە باوکمی دا، لەهۆش خۆی چوو، دوای 24 کاژێر گیانی لەدەستدا و بردمە دەرەوەی گرتووخانە بە خاکم سپارد، بەڵام بیرم نەماوە ئێستا شوێنەکە کوێیە".

چیرۆکی ئەڵڵا کەرەم لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی لە 5ی ئایار، هۆڵی دادگاییکردنەکەی هەژاند، ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى دۆسیەکە بە رووداوى گوت:" ئەڵڵا کەرەم یەکەم شەهیدى دەستى عەجاج بووە لەنێو هەڵەبجەییەکان"

لە دانیشتنەکەدا عەلی عارف دانیشتووی هەڵەبجە، وەک شایەتحاڵێک لەبەردەم دادوەر گوتی: "لەبەرچاوی هەمووان عەجاج لە ئەڵڵا کەرەمی دا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا".

عەلی عارف، ئەو کاتە تەمەنی 17 ساڵ بووە، کە لەگەڵ چەند خێزانێکى دیکەى هەڵەبجەییەکان بۆ نوگرە سەلمان راگوێزراوە، بە رووداوی گوت: "عەجاج بە کێبڵەکەی ئەڵڵا کەرەمى شەهید کرد".

ئەڵڵاکەرەم لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە 16ى ئادارى 1988 ئاوارەی کۆمارى ئیسلامى ئێران بووە، لە دوای وەستانی جەنگى عێراق- ئێران لە 8ی ئابى هەمان ساڵ ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەگەر ئاوارەکان بگەڕێنەوە، لێبووردنیان بۆ دەردەچێت.

عەلی عارف دەڵێت: "تێیانگەیاندبوون کە بگەڕێنەوە و هەڵەبجە ئاوەدان دەکرێتەوە، بەڵام فێڵ بوو، هەر لە تەوێڵە خرانە پاسەوە و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە سلێمانی، گواسترانەوە بۆ نوگرە سەلمان".

ئەوە یەکەم کەوتنی هەڵەبجەییان بووە کە ئەنفال بکرێن و ببرێنە نوگرە سەلمان، پێش ئەوان ئەو هاونیشتمانیانەی لێ بووە کە لە گەرمیان و قەرەداخەوە ئەنفالکرابوون.

ئەڵڵا کەرەم لەیەکەم وێستگەى مانەوەى هەڵەبجەییەکان لە نوگرە سەلمان بەر لێدانى عەجاج کەوت، بەر لەوەى لە دەرگایەکى یەک مەترییەوە ببرێنە نێو ئەو هۆڵەى بۆ مانەوەیان دیاری کرابوو.

عەلی عارف گوتی: "ئێمە بەر لێبووردنێک کەوتین کە لە 6ی ئەیلوول دەرکرا، بەڵام دوایین هەڵەبجەیی کە ئازاد کرا لە 19ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا بوو".

14ی ئایار دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاجە لە بەغدا کە دانی بە بەشێک لەو تاوانانەدا ناوە کە لە دژی ئەنفالکراوان کردوونی، ئەو کاتەی بەرپرسی ئەمنیی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بووە.

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif