ژیریی دەستکرد یارمەتیی چارەسەرکردنی پەرکەمی منداڵان دەدات
چەند توێژەرێکی ئوسترالی رایانگەیاند، ئامرازێکی ژیریی دەستکرد (AI) کە دەتوانێت ئەو شێواوییە بچووکانەی مێشک دەستنیشان بکات بە زەحمەت دەبینرێن، دەتوانێت یارمەتیی منداڵانی تووشبوو بە پەرکەم (فێ) بدات بۆ ئەوەی زووتر نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت و ژیانیان بگۆڕێت.
ئەمە نوێترین نموونەیە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕینی کەرتی تەندروستی لەلایەن ژیریی دەستکردەوە، کە دەتوانێت بڕێکی زۆر لە داتا شی بکاتەوە و لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا یارمەتیی پزیشکەکان بدات.
تیمێکی توێژەران بە سەرۆکایەتیی ئێما ماکدۆناڵد-لۆرس، پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەماری منداڵان لە نەخۆشخانەی رۆیاڵ لە شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا رایانگەیاند، ئامێرێکی ژیریی دەستکردیان لەسەر وێنەی مێشکی منداڵان راهێناوە بۆ دۆزینەوەی ئەو زیانانەی کە قەبارەیان هێندەی دەنکە توویەکە یان بچووکترن.
بەگوێرەی شارەزایان، نەخۆشیی پەرکەم چەندین هۆکاری جیاوازی هەیە و نزیکەی 3 لە 10 حاڵەت بەهۆی ناتەواویی پێکهاتەی مێشکە. زۆرجار ئەم ناتەواوییانە لە سکانی MRIـدا نابینرێن، بەتایبەتی بچووکترینیان.
ماکدۆناڵد-لۆرس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئامێرەکە جێگەی پزیشکانی تیشک یان پزیشکانی پەرکەم ناگرێتەوە، بەڵکو وەک لێکۆڵەرێک وایە کە یارمەتیمان دەدات پارچەکانی مەتەڵەکە زووتر پێکەوە بنێین، بۆ ئەوەی بتوانین نەشتەرگەرییەکی ژیانگۆڕ پێشکەش بکەین."
%80ی ئەو نەخۆشانەی بەشدارییان لە توێژینەوەکەدا کردووە، پێشتر سکانی MRIـیان بۆ کرابوو و ئەنجامەکەی وەک "ئاسایی" دەرچووبوو.
کاتێک توێژەران ئامێرە زیرەکەکەیان بۆ شیکارکردنی سکانی MRI و جۆرێکی دیکەی سکانی پزیشکی بەناوی PET بەکارهێنا، رێژەی سەرکەوتنی 94% بوو بۆ گرووپێک و 91% بۆ گرووپێکی دیکە.
لە کۆی 17 منداڵ لە گرووپی یەکەمدا، 12ـیان بۆ لابردنی زیانەکانی مێشکیان نەشتەرگەرییان بۆ کرا و 11ـیان ئێستا هیچ نۆبەیەکی پەرکەمیان نییە.
کۆنراد واگستیل، شارەزای کۆمپیوتەری بایۆمیدیکاڵ لە کینگز کۆلێجی لەندەن گوتی، "ئەم کارە جێی دڵخۆشییە" و ئەنجامەکانی "بەڕاستی سەرسوڕهێنەرن."

ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق