وەدەكاری بڕیارەكەی خوێندنی باڵا

ليست هناك تعليقات




د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئەمساڵ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بەڕێوەناچن و نمرەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن وەکو ئەنجامی کۆتایی بۆ خوێندکاران هەژماردەکرێن.

دەقی راگەیەنراوەکە:

مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیانی ئازیز ی زانكۆكانی كوردستان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا

سەرەتا لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانتان لێدەكەم، هیوای تەندروستی باش بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم و هەروەها هیوام وایە كوردستانەكەمان بەرەو ئارامی و سەقامگیری ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی زیاتر هەنگاو بنێت، وەك دەزانن بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای گشتگیری كۆرۆنا و لیكەوتەكانی و ڕێكارە خۆپارێزیەكان و گرفت و قەیرانی ئابوری ، هەرێمەكەمان بە قۆناغێكی دژواردا تێپەڕ دەبێت، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم قۆناغەدا هەوڵی داوە بە رەچاوكردنی دۆخی ئابوری و سایكۆلۆجی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران و پاراستی بەرژەوەندی گشتی چارەسەری واقیعی و گونجاو بۆ پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ بدۆزینەوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی ئازیز و فەرمانبەرانی زانكۆكانی كوردستان بكەم كە لەم قۆناغەدا سەرباری قەیران و گرفتەكان توانیان بە گیانی لە خۆبردوویی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی هاوكاری پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ بكەن. 
هەر وەك پێشتر لە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارمان دابوو كە ئەگەر دۆخی تەندروستی هەرێمەكەمان لەبار بێت ئەوا لە ٣١/ ٥/٢٠٢٠ دەرگای كامپەسی زانكۆكان بكەینەوە و بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندنی بدەین، بەڵام بەداخەوە دواگۆڕانكاریەكانی دۆخی تەندروستی و ڕێنمایی و ڕاپۆرتەكانی دامەزراوەكانی وەزارەتی تەندروستی پێمان دەڵێن كە لە ئێستادا ناتوانین دەرگای كامپەسەكانی خوێندن بكەینەوە، بەتایبەت قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆكان لە شار و شارۆچكە و شوێنە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە دێن و لە نێو بەشە ناوخۆییەكاندا نیشتەجی دەبن، هەر بۆیە لەئێستادا گەڕانەوەیان بۆ نێو كامپەس و بەشە ناوخۆییەكان مەترسی بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری ئەم پەتایە دروست دەكات، لەم چوارچێوەیەشدا دوای ڕاوێژ و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت ، لە كۆبونەوەی ژمارە (٨)ی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە لەڕێكەوتی ٢٦/٥/٢٠٢٠ بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام درا ، دوای تاوتوێ كردنی دواگۆڕانكارییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە درا :

بڕگەی یەكەم: ئەو زانكۆیانەی كە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەكەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:
1. ئەژماركردنی هەموو ئەو كریدیتانەی كە خوێندراوە و تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
2. ئەو كریدیتانەی كە نەخوێندراوە ئەوا دابەش دەكرێت بەسەر سیمیستەرەكانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەكانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونكە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماكانی كۆكردنەوەی كریدیت.

بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی كۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێ دەكرێت:
1. هەموو بەشەكان (زانستییەكان و مرۆڤایەتییەكان) ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).
2. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە لە ئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرنەچوون یاخود تاقیكردنەوەیان نەكردوە، ئەوا زانكۆكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میكانیزمێكی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجام ئەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران بگەڕێنەوە نێوكامپەسی زانكۆكان.
3. ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە بەئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرچوون ئەوا سەرپشكن كە دوبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی كە بە ڕاپۆرت و میكانیزمەكانی تر ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت نمرەكانی بەرزبكاتەوە لە پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی.
4. سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە كۆتاییەكان ئەوا نمرەكان دابەش دەكرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەك مامۆستای تری هاوپسپۆر كە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە ئەنجام ئەدات.
5. سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجام ئەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانكوكان بۆ دارشتنی ووردەكاری جێبەجێكردن لەپێناو ڕەچاوكردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانكۆكان.
بڕگەی چوارەم: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێ دەكەن.
بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەكانی پێشو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوام ئەبن.
لە كۆتاییدا هیوای تەندروستی و سەركەوتن بۆ یەكەبەیەكەی خوێندكاران و قوتابیان دەخوازم و لە ناخەوە سوپاسی دایك و باوك و كەسوكاری بەڕێزیان دەكەم كە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەكانیاندا ماندوو بوون و درێغییان نەكردوە،
هەروەها جارێكی تر پڕ بەدڵ سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرە بەڕێزەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان دەكەم كە هەمیشە لە پێناو خزمەتكردن و پێگەیاندنی ڕۆڵەكانی نیشتیمانەكەماندا درێغیان نەكردوە.
لەگەڵ هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك.

د. ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif