رەنگی دەستکردی ناو خۆراکەکان هەوکردنی ریخۆڵەکان لە منداڵاندا زیاددەکات

ليست هناك تعليقات



توێژینەوەیەک لە زانکۆی 'ئێم سی ماستەر' لە کەنەدا دەریدەخات، ئەو رەنگانەی لە خۆراکەکاندا بەکاردێن مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان زیاددەکەن، هاوکات دەبنەهۆی ناڕێکی لە هەرسکردن.

توێژەران رایانگەیاندووە، رەنگە دەستکردەکانی وەکو 'Red 40'، 'Yellow 5' لە نێو 'چیپس، خواردنەوە گازییەکان، نووقڵ و شیرینی منداڵان، هەروەها لە کەلوپەلی جوانکارییشدا' بەکاردێن.

والول خان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''رۆژانە خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگە دەستکردەکانیان تێدا بەکاردێت، برینی ریخۆڵە دروستدەکات و سیستمی هەرسکردن خاودەکاتەوە.''

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، منداڵان بەهۆی زۆر خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگی دەستکردیان تێدایە دەشێت تووشی 'پەیدابوونی گازی گەدە، وشکبوونەوەی جەستە، سکچوون، ئازاری سک و بوونی خوێن لە پیسایی' ببن.

والول خان رەنگە دەستکردەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنێت کە منداڵان تووشی هەستیاری بە خۆراک دەکات، هاوکات دەڵێت: منداڵان بە کەمی خۆراکە دەستکاریکراوەکان و رەنگدارەکان بخۆن بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ.

بەگوێرەی دەزگەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، رۆژانە بەکارهێنانی 3.2 مللیگرامی ئەو رەنگانەی لەناو خۆراکەکاندا بەکاردێن بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی منداڵان پەسنددەکات.

کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگی نێو خۆراکەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی دەماریی منداڵاندا دروست دەکات، کۆمەڵەکە پێشنیازدەکات کە پێویستە منداڵان زۆر بە کەمی ئەو بەرهەمانە بخۆن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif