وێنە، حەوتەمین فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە

ليست هناك تعليقات


فیستیڤاڵی هەنار کە لە هەڵەبجە دەکرێت، ئەمساڵ بۆ حەوتەمین جار بەڕێوەدەچێت، سێ رۆژ دەخایەنێت و نزیکەی 500 کەس بەشدارییان تێدا کردووە و زیاتر لە 100 کەسیان هەنار و بەروبوومەکانی هەناریان نمایش کردووە.

26 جۆری جیاوازی هەنار لە هەڵەبجە هەیە (سازان، باوە کۆچەک، عەبابەیلێ و ساڵەخانی) لە بەنێوبانگترینیانن.

بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ساڵانی رابردوو، نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهات، بەڵام ئەمساڵ کەمبارانی ئەو رێژەیەی بۆ کەمتر لە 25 هەزار تۆن دابەزاندووە.

ستار کەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "ئەم فیستیڤاڵە یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە ئێمە حەوت ساڵە دەستمان پێکردووە و ساڵ لەدوای ساڵ فراوانتری دەکەین و ئێستا توانیومانە کە ناونیشانی هەنار بکەینە ناسنامەی هەڵەبجە و هەناری هەڵەبجە زیاتر بناسێنین و خوازیاریشین سنووری پارێزگاکانی هەرێمی و عێراقیش تێپەڕێنێت، هەنگاوێکی دیکەشمان ناوە، ئەویش دەمانەوێت دامەزراوەیەکی زۆر باش کار بکات بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە عێراق".

جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە لە وەرزی پێگەیشتنی هەنار دەروازە سنوورییەکانی بەڕووی هەناری هاوردە داناخرێت، لە کاتێکدا هەناری کوردستان لە مانگی 8 بۆ 12 بەرهەم دەدات.

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانیان هەیە هاوکاریی تەواوی جووتیاران بکەن و رێگەی هاوردەیان بۆ عێراق و دەرەوەی وڵاتیش فراوانتر بکەن.

محەممەد حوسێن، گوتەبیژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان باسی لەوە کرد، "ئەمساڵ رێنوێنیمان دەرکرد بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی دەرەوە بکەن، پێمان گوتوون بە شێوازێک کار بکەن کە لە پێگەی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کەم نەکاتەوە و لەسەر ستانداردی ئەو وڵاتە بێت کە هەنارەکەی داوا کردووە، تاوەکو ئێستا دوو کۆمپانیا بە تەواوەتی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە".

فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە سێ رۆژ دەخایەنێت، تەنها لە ماوەی یەکەم رۆژدا نزیکەی پێنج هەزار کەس سەردانیان کردووە، جگە لە هەناریش سەدان جۆر میوە و سەوزەی وەرزی و بەروبووم و خواردنی کوردەواری لە یاریگەی هەڵەبجە نمایش کراون.







 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق